سێمێل... زیاتر لە 12 خێمەی ئاوارەکان سووتان

ئاگر لە کەمپێکی ئاوارەکان کەوتەوە
دیمەنێکی کاتی رووداوەکە - فۆتۆ: هەفرست رەجەب
دیمەنێکی کاتی رووداوەکە - فۆتۆ: هەفرست رەجەب

K24 – دهۆک

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە کەمپی باجدکەندالان-ی ئاوارەکان لە سنووری قەزای سێمێل کەوتەوە و زیانی زۆری مادی بەر ئاوارەکان کەوتووە.

هەڤرست رەجەب، پەیامنێری کوردستان24 لە شوێنی رووداوەکە گوتی: "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی ماددی زۆری لێکەوتووەتەوە".

رائید حاجی، بەرپرسی هۆبەی بەرگری شارستانی لە سێمێل بە کوردستان24ی گوت: "لەوکاتەی پەیوەندییمان پێوەکرا گەیشتینە شوێنی رووداو، زیانی گیانی نەبووە، بەڵام بەداخەوە زیاتر لە 12 خێمەی ئاوارەکان سووتاون".

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەکرد، مانگێک لەمەوبەر رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەمان کەمپ روویداوە.

بەرپرسی هۆبەی بەرگری شارستانی، دەڵێت: "هۆکاری سەرەکی رووداوی ئاگرکەوتنەوە بێسەروبەری هێڵەکانی کارەبایە لە کەمپەکە".

کەمپی باجدکەندالان، کەوتووەتە سنووری قەزای سێمێل لە پارێزگای دهۆک، لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال دروستکراوە و دانیشتووانی کەمپەکە خەڵکی شنگال و دەوربەری شنگالن، ماوەی هەشت ساڵە لەو کەمپە نیشتەجێن.

پشیلەیەک لەناو ئاگرەکەدا سوتاوە
پشیلەیەک لەناو ئاگرەکەدا سوتاوە
دیمەنێکی دوای رووداوەکە
دیمەنێکی دوای رووداوەکە