موقتەدا سەدر داوای لە ئێرانییەکان کرد رێزی عێراق بگرن
K24 – هەولێر
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە پەیامێکدا بە زمانی فارسی، داوای لە زیارەتکارە ئێرانییەکان کرد رێز لە یاساکانی عێراق بگرن، هاوکات داوای لە بەرپرسانی عێراقیش کرد، پاراستنی ئاسایشی کەربەلا بە حەشدی شەعبی نەسپێردرێت.
سەدر لە پەیامەکەیدا بەپێویستی دەزانێت زیارەتکارە ئێرانییەکان، "بەرێکوپێکی و مۆڵەتی فەرمی و پاسپۆرت، رێزگرتن لە بەرپرسانی پەیوەندیدار، ئاسایش و یاسای وڵاتی خانەخوێ و بە لەبەرچاوگرتنی پێشوازیی عێراق لە ملیۆنان زیارەتکار، بێنە ناو نەجەف."
رێبەری رەوتی سەدر کە دژی دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە لە کاروباری عێراق، داوای لە حکومەتی بەغدا کرد وەکوو سعوودیە و ئێران، "لە دەرەوەی توانای خۆی"، مۆڵەتی هاتنەژوورەوە بە زیارەتکارە بیانییەکان نەدات.
ئەو، داوای لە بەرپرسە خۆجێیەکانی کەربەلاش کرد، تەنها هێزە ئەمنییەکان لە پاراستنی ئاسایش بەرپرسیار بن، نەک هێزەکانی وەکوو حەشدی شەعبی و سەرایا سەلام.
هەروەها رێبەری رەوتی سەدر روو لە خەڵکی عێراق نووسی، "خۆ لە پێکدادان بپارێزن و دروشمی حزبی و تایبەت بە حەشدی شەعبی یان رەوتی سەدر، نەدەن".
پێکدادانەکانی ئەمدواییەی بەغدا کە تێیدا 30 کەس گیانیان لەدەستدا، هاوکات بوو لەگەڵ رێوڕەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن. بەهۆی گرژییەکانی بەغدا، ئێران بۆ ماوەیەکی کاتی هەموو سنوورە هاوبەشەکانی لەگەڵ عێراقدا داخست، بەڵام دواتر سنوورەکانی کردەووە و حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: چلەی ماتەمینی ئەمساڵ لە ساڵانی رابردوو زۆر شکۆدارتر دەبێت.
سەدر، هەروەها لە پەیامەکەیدا دووپاتیکردووەتەوە، راسپاردەکانی بەو مانایە نین کە لەگەڵ "گەندەڵان"، لە ژێر "خێمەیەکدا" کۆدەبێتەوە.
ئەو، جارێکی دیکە دژایەتی خۆی بۆ چینی دەسەڵاتداری عێراق راگەیاند و گوتی: کەسێکی وەکوو من، لەگەڵ کەسانێکی وەکوو ئەوان پەیمان نابەستێت. ژیان لەگەڵ ئەوان قوڕبەسەرییە و جیایی لە ئەوان، بەختەوەرییە.