"كۆبوونه‌وه‌ی پارتی و گۆڕان ده‌بێته‌ كلیلی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان"

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/1abfd566-a6ad-4618-9196-8b9ab2bd2d56/grftekani%20bardam%20rifrandom.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بە ھۆكاری سەركەوتنی  ئەنجامدانی ریفراندۆم دەزانێت، بەلام مامۆستایەكی زانكۆ  دەڵێت، ئەنجامدانی ریفراندۆم پێویستیی بە پەرلەمان نییە، چونكە حكوومەت دەتوانێت كارەكانی پەرلەمان بكات.

ڕێگاكە زۆری نەماوە، ئەو ڕێگایەی كە رەنگی مردنی لێنیشتووە، ھێندەی كورد قوربانی لە پێناو بدات، ئەمیش رێگای سەربەخۆیی كوردستانە. 

ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی تا دێت نزیكتردەبێتەوە، مەگەر لایەنەكان بەھۆی كێشە سیاسیەكانی نێوانیانەوە خۆیان ئاراستەی رێگاكە بگۆڕن و لێی دوور بكەونەوە، بزووتنەوەی گۆڕان نایشارێتەوە لەگەڵ ریفراندۆمدایە، بەڵام كێشە سیاسییەكان بە ھۆكار دەزانێت لە دواكەوتنی ریفراندۆم.

ھەفتەی رابردوو سەرۆكی ھەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد، لە رێی سەرۆكایەتی ھەرێمەوە بانگھێشتی سەرجەم لایەنە سیاسیەكان دەكات، بۆ كۆبوونەوە لەسەر ھەنگاوەكانی داھاتووی بەرەوە ریفراندۆم.

پارتی دیموكراتی كوردستانیش رەتیدەكاتەوە گرفتە سیاسیەكان ببنە ھۆكاری ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم، وەك خۆیان دەڵێن با چارەسەكردنی كێشەكان بۆ قۆناغی دوای ریفراندۆم بێت.

لەگەڵ باسكردنی پرسی ریفراندۆم، پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمانیش دێتە پێشەوە، كە بەشێك لە لایەنەكان رایان وایە بەبێ پەرلەمان ناتونرێت ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، بەڵام مامۆستایەكی زانكۆ دەڵێت بەبێ پەرلەمانیش دەتوانرێ ریفراندۆم ئەنجام بدرێت.

ئێستا زۆربەی خەڵك و چاودێرانی سیاسی وایدەبینن كۆبوونەوەی نێوان پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان، دەبێتە كلیلی چارەسەركردنی كێشەكانی ھەرێمی كوردستان، كە رەنگە دواجار گرفتەكانی بەردەم ئەنجامدانی ریفراندۆمیش كەمتر ببنەوە.