ئێران چه‌ند كه‌شتییه‌كی جه‌نگی نوێی نمایشكرد
K24 - هەولێر :
هێزی ده‌ریاوانی سه‌ر به سوپای پاسدارانی ئێران، چه‌ند كه‌شتییه‌كی نوێی جه‌نگی نمایشكرد، له نێویاندا كه‌شتی جه‌نگی (شه‌هید سوله‌یمانی).
ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه 5ـی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، هێزی ده‌ریاوانی سه‌ر به سوپای پاسدارانی ئێران، له چوارچێوه‌ی مه‌راسیمێكدا، جگه له كه‌شتی جه‌نگی (شه‌هید سوله‌یمانی)، هه‌ریه‌ك له كه‌شتییه‌كانی جه‌نگی (شه‌هیدی رۆحی) و (شه‌هید دارا)ـی نمایشكرد.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی میدیا ئێرانییه‌كان، كه‌شتی جه‌نگی (شه‌هید سوله‌یمانی)، به نوێترین سیسته‌می چاودێری هه‌واڵگری بێته‌ل، ئامرازه‌كانی جه‌نگی ئه‌لیكترۆنی، دیاریكردنی ئامانجه‌كان و جوڵه‌ی ماشێنه‌كان له‌سه‌ر رێگه وشكانییه‌كان، نمایشكرا.
لیوا محه‌مه‌د باقری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی سوپای پاسدارانی ئێران، له‌مباره‌یه‌وه رایگه‌یاند، كه‌شتی جه‌نگی (شه‌هید سوله‌یمانی) توانای هه‌یه خۆی له چاودێرییه هه‌واڵگرییه‌كان ون بكات، له‌یه‌ك كاتدا ده‌توانێت هێرش له‌نێو ئاودا ئه‌نجامبدات و هه‌روه‌ها توانای شه‌ڕی ئاوه دوورمه‌وداكانیشی هه‌یه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، به به‌راورد له‌گه‌ڵ كه‌شتی دیكه‌ی هاوشێوه، كه‌شتی جه‌نگی (شه‌هید سوله‌یمانی) توانای مانۆڕی فراوانتری هه‌یه، هه‌روه‌ها به چوار بزوێنه‌ری به‌هێزه‌وه كارده‌كات، توانای مانه‌وه‌ی زۆری له‌نێوده‌ریا و زه‌ریاكاندا هه‌یه، یاخوود گه‌شتی فراوان و دوور ئه‌نجامبدات.
ماوه‌یه‌ك به‌ر له ئێستا ماڵپه‌ڕی "ئێران ئینته‌رناشناڵ" بڵاویكرده‌وه، سوپای ئێران 100 فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی له چیای زاگرۆس له جۆری "ئه‌بابیل-5"ـی حه‌شارداوه، كه مووشه‌كی "قائیم-9"ی هه‌ڵگرتووه
جه‌ختی له‌وه‌ش كردبو‌وه‌وه، بنكه سه‌ربازییه‌كان فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی شه‌ڕكه‌ری له جۆری "ئارش" و "ئومێد"ـی تایبه‌ت به دژه راداری تێدایه، له‌گه‌ڵ چه‌ندین جۆرێكی دیكه، كه بۆمبی "باڵابان"، مووشه‌كی "شه‌فه‌ق"، "قائیم" و "ئه‌لماس" هه‌ڵده‌گرن.
هه‌روه‌ها ڤیدانت باتیل، جێگری گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، پێشتر راگه‌یاندبوو، به‌رپرسانی رووسیا له ئێران، له‌باره‌ی چۆنییه‌تی به‌كارهێنانی درۆنی دروستكراوی ئه‌م وڵاته، مه‌شقی سه‌ربازیان پێكراوه، بۆیه واشنتن له‌داهاتوودا به‌هێزه‌وه ئابڵوقه‌ی بازرگانی بۆسه‌ر چه‌كی رووسی و ئێرانی، جێبه‌جێده‌كات.
ئه‌و گوته‌بێژه نیگه‌رانی واشنتنی له‌باره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی درۆنی ئێرانی له جیهان راگه‌یاندبوو و گوتبووی: "له‌باره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی درۆنی ئێرانی و به‌كارهێنانی له‌دژی به‌رژه‌وه‌ندیی و هاوپه‌یمانه‌كانمان له ناوچه‌كه، واشنتن نیگه‌رانه".