سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق دەكات

سه‌رۆك بارزانی: هۆكاری لێكترازان و قەیرانی سیاسیی عێراق پابەندنەبوونە بە دەستوور
سەرۆك مەسعود بارزانی و ڤیلە ڤاریۆلا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق
سەرۆك مەسعود بارزانی و ڤیلە ڤاریۆلا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق

K24 – هه‌ولێر:

رۆژی چوارشەممە 7ی ئەیلوولی 2022 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ڤیلە ڤاریۆلا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا رایگەیاند كە یەكێتیی ئەوروپا بە بایەخەوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكات و رۆڵی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە بەرز دەنرخێنێت. ئەوەشی خستەڕوو كە یەكێتیی ئەوروپا بڕیاری داوە نوێنەرایەتییەكەی فراوانتر بكات و نوێنەرایەتییەكی هەمیشەیی لە هەرێمی كوردستاندا دابمەزرێنێت.

هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و بنبەستی سیاسیی نێو پڕۆسەی سیاسی عێراق تاوتوێ كرا و باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا جەختی لەسەر دەستوور و دیالۆگ وەك بنەمای چارەسەری كێشەكان كردەوە. هاوكات پێزانینی بۆ رۆڵی سەرۆك بارزانی بۆ لەیەكنزیككردنەوەی لایەنە عێراقییەكان هەبوو و پشتیوانیی یەكێتیی ئەوروپاشی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی هەرێم راگەیاند.

لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بۆ بڕیاری یەكێتیی ئەوروپا بۆ كردنەوەی نوێنەرایەتیی هەمیشەیی یەكێتیی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان نیشان دا و، پەیوەست بە هەڵبژاردنەكانی هەرێمیش ئەوەی خستەڕوو، پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوەدایە كە هەڵبژاردنەكانی هەرێم بە زووترین كات ئەنجام بدرێن و داواشی كرد كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە یارمەتیدان و چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم رۆڵی هەبێت.

لەبارەی قەیرانی سیاسیی عێراقیش سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە هۆكاری لێكترازان و قەیرانی سیاسیی عێراق پابەندنەبوونە بە دەستوور و هەر حكوومەتێكیش كە لە ئاییندە لە عێراقدا پێك بهێندرێت دەبێ لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی فراوان و بەهێز و، پاراستنی مافەكانی هەرێمی كوردستان و رەچاوكردنی پڕەنسیپەكانی شەراكەت و هاوسەنگی و سازان و، لەچوارچێوەی دەستوور و دیالۆگ بێت.

دیمه‌نێكی دیداره‌كه‌
دیمه‌نێكی دیداره‌كه‌