یەکەم گرێبەستی مێسی بە پارەیەکی خەیاڵی دەفرۆشرێت

لیۆنێل مێسی
لیۆنێل مێسی

لیۆنێل مێسی ئەو کاتەی بۆ یەکەمجار گرێبەستە فەرمیەکەی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا واژۆ کرد، ئەو گرێبەستە لەسەر کلێنکسێک واژۆ کرا و ئێستا ئەو گرێبەستە خەریکە بە پارەیەکی خەیاڵی دەفرۆشرێتەوە.

یاریزانە ئارجێنتیناییەکەی پێشووی یانەی بارسێلۆنا، لە ساڵی 2000 بۆ جاری یەکەم گرێبەستی لەگەڵ یانە کەتەلۆنیەکە واژۆ کرد، ئەو کات گرێبەستەکەی ئەو یاریزانە لەسەر پارچە کلێنکسێک واژۆ کرا، ئێستاش ئەو گرێبەستەی لای بەرێوەبەری کارەکانی پێشووی پارێزراوە و بڕیارە لە زیاد کردنێکی ئاشکرا بفرۆشرێتەوە.

رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانی بڵاویکردەوە، هۆراسیۆ گاگیۆلی ئەو کەسەیە کە پێشتر بەرێوەبەری کارەکانی مێسی بوو و هەر ئەو کەسەش بوو ئەو گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا واژۆ کرد، ئێستاش گرێبەستەکەی لای خۆی پاراستووە و بڕیاریداوە لە زیاد کردنێکی ئاشکرا بفرۆشێتەوە.

سەرچاوەکە بڵاویشی کردووەتەوە نرخی ئەو پارچە کلێنکسە چاوەڕێ دەکرێت بەرامبەر نزیکەی 700 هەزار دۆلار بفرۆشێتەوە، نرخی سەرەتاییەکەشی نزیکەی 300 هەزار دۆلارە.

مێسی ئەو کاتەی تەمەنی تەنها 13 ساڵ بوو، پەیوەندی بە ئەکادیمیای بارسێلۆناوە کرد، بەڵام ئەو کات بەشێک لە ئەندامانی کارگێری یانەکەی، گومانیان لەسەر ئاستی ئەو یاریزانە هەبوو و دواجار یانەکە بڕیاریدا ئەو یاریزانە بگوازێتەوە ریزەکانی.

یەکەم گرێبەستی لیۆنێل مێسی
یەکەم گرێبەستی لیۆنێل مێسی