گۆڕانکارییەکانی دوای مردنی شاژنی بەریتانیا چی دەبن؟

پادشا چارلسی سێیەم و شاژنە ئێلیزابێسی دووەم
پادشا چارلسی سێیەم و شاژنە ئێلیزابێسی دووەم

K24 - هەولێر:

دوای كۆچی دوایی شاژنه‌ ئێلیزابێسی دووه‌م، شا چارلسی سێیه‌م ده‌بێته‌ پادشای به‌ریتانیا و شازاده‌ ولیامی كوڕی گه‌وره‌ی شا چارلس ده‌بێته‌ جێنشین.

پاش مردنی شاژنی بەریتانیا، جگە لە دەستنیشانکردنی پادشا و جێنیشینەکەی، چەند گۆڕانکارییەکی یاسایی و کارگێڕی لە سیستەمی وڵاتەکەدا روودەدەن، ئەوانیش:

1. سروودی نیشتیمانی گۆڕانکاری بەسەردا دێت

وشەکانی سروودی نیشتیمانی بەریتانیا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 18، لە "خودا شاژن رزگار بکات"ـەوە دەگۆڕێت بۆ "خودا پاشا رزگار بکات".

2. گۆڕینی دراوەکان

روخساری پادشا بە دراوە نوێیەکانەوە دەلکێنرێت و وێنەکەی لەسەر دراوی بەریتانیا دەردەکەوێت. دراوی کاغەز و کانزایی کۆن لە بازاڕدا دەمێنێتەوە تاوەکو بە تێپەڕبوونی کات وردە وردە دەگۆڕدرێن.

3. هێمای شاهانە

هێمای شاژنی کۆچکردوو E2R بوو و، لە خوارەوە وێنەیەکی تاجی شا سانت ئێدوارد نیشان درابوو، هەردوو هێما و ئاڵای شاهانە لەگەڵ هاتنی پاشای نوێدا دەگۆڕدرێن.

4. گۆڕانکاری یاسایی

گەورە پارێزەرانی پادشای نوێ دەبنە راوێژکاری شاهانە و نازناوە یاساییەکانی دیکە لە شاژنەوە بۆ پادشا دەگۆڕێن.