ئەمەریکا داوا لە هەولێر و بەغدا دەکات کێشەکانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن

"ئێمە زۆر لە نزیکەوە سەرنجمان خستووەتەسەری هەر بۆیەشە یاریدەدەری وەزیری دەرەوە لە ناوچەکەیە"
ئاڵای هەرێمی کوردستان و عێراق
ئاڵای هەرێمی کوردستان و عێراق

K24 - واشنتن

ئەمەریکا هانی هەولێر و بەغدا دەدات، کێشەی وزە بە رێگەی گفتوگۆ لەنێوان خۆیاندا چارەسەربکەن، ئیدارەی واشنتن جەخت لەوە دەکاتەوە چارەسەکردنی کێشەکە بە رێگەی ئاشتیانە لە بەرژەوەندی گەلی کورد و تەواوی عێراقدایە و کۆمپانیاکانی وڵاتەکەشی ئامادەن وەبەرهێنانی زیاتر لە ناوچەکەدا بکەن.

باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕست، کە بە سەردانێک لە هەرێمی کوردستان و عێراقە لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی هانی هەردوولای دا کێشەکانیان لەبواری وزە چارەسەربکەن.

ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە کوردستان24ی گوت: "ئێمە هانی هەموو لایەنەکان دەدەین، کە رێگەیەک بدۆزنەوە پاڵپشتیی وەبەرهێنانی ئێستا و داهاتوو بکات و بەرژوەندییەکانی خەڵکی عێراق بباتە پێشەوە، هەروەها بە وانەشەوە کە لە هەرێمی کوردستانن. ئەوە پرسێکە ئێمە زۆر لە نزیکەوە سەرنجمان خستووەتەسەری هەر بۆیەشە باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە لە ناوچەکەیە".

مانگی رابردوو ژمارەیەک کۆنگرێسمان و سیناتۆر داوایان لە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کرد، ئیدارەی جۆو بایدن لە ئاستێکی باڵادا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بکەوێتە گفتوگۆ و هەنگاو بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بدات، بەتایبەت لە کەرتی وزە، کە بەهۆی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، وەزارەتی نەوت گوشارلە کۆمپانیاکانی نەوت دەکات گرێبەستەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێننەوە. لە چەند رۆژی رابردووشدا ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمەریکا کە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانن، نیگەرانی خۆیان گەیاندە حکومەتی وڵاتەکەیان".

لەوبارەوە ڤێنیست کامپۆست، لێکۆڵەر و دیپلۆماتکاری پێشوو لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە باشی لە مەبەست و هاندانی کۆمپانیاکانی وزەی ئەمەریکا تێدەگەم. بەگشتی کاتێک کۆمپانیایەکی وزەی ئەمەریکی شوێنێک بۆ کارکردن هەڵدەبژێرێت، بۆ نموونە هەرێمی کوردستان یان لە تەواوی عێراق، سەرەتا و گرنگترین شت بەلایانەوە شەفافییەتە. ئەوان بەدوای یاسایەکی جێگیر و گونجاودا دەگەڕێن، کە بتوانن بەهۆیەوە وەبەرهێنانی خۆیان بکەن. لە هەمانکاتدا بڕیاری وەبەرهێنان دەبێت لە بەرژەوەندی کۆمپانیاکە و ئەو شوێنەش دابێت، کە وەبەرهێنانی لێدەکەن. لێرەدا مەبەستمان هەرێمی کوردستانە".

لە میانی سەردانەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی بەغدا و هەولێری کرد و یەکێک لەو مژارانەی گفتوگۆی لەسەر کرا پرسی وزە بوو. حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوەدەکاتەوە دەستوور دەسەڵاتی پێداوە وەبەرهێنان لە سەرچاوە سرووشتییەکانی خۆیدا بکات، ئامادەی هەموو گفتوگۆیەکیشە کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات.

لە دوای کرانەوەی هەرێمی کوردستان بەڕووی کۆمپانیا نەوتییەکاندا، کۆمپانیاکانی ئەمەریکا پێشەنگ بوون لە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتی کوردستاندا، ئەمەریکاش بە ستراتیژی خۆی دەزانێت شوێن دەستی لە وزەی ناوچەکەدا دیاربێت و دەڵێت، نابێت رێگە بۆ نەیارەکانیان چۆڵبکەن. بۆیە هانی کۆمپانیاکانی دەدات سەرمایە گوزاری زیاتر بکەن.

ئا:عیسا حەسەن - واشنتن