مەسرور بارزانی: گۆڕینی خەباتی ناوچەیی بۆ شۆڕشێکی نیشتیمانی سەرتاسەری گەورەترین شوناسی شۆڕشی ئەیلوولە

"ئەم شۆڕشە وەرچەرخانێکی مێژوویی و شۆڕشێکی سەرتاسەری خەڵکی کوردستان بوو"
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و، گوتی "بەهۆی خۆڕاگری و ئیرادەی بەهێزی خەڵکی کوردستان، دوژمن ناچار بوو دان بە بەشێک لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییە ڕەواکانیدا بنێت".

لە پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتدا هاتووە، "ئەمڕۆ یادی گەورەترین شۆڕشی گەلی کوردستان دەکەینەوە کە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە. ئەم شۆڕشە، وەرچەرخانێکی مێژوویی و شۆڕشێکی سەرتاسەری خەڵکی کوردستان بوو بە گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازییەکانەوە، بە سەرکردایەتی ڕابەری نیشتمانیمان مستەفا بارزانیی نەمر".

مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا دووپاتیکردەوە، یەکێک لە گرنگترین و بەهادارترین تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی ئەیلوول، یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کوردستان بوو، کە بەهۆی خۆڕاگری و ئیرادەی بەهێزی خەڵکی کوردستان، دوژمن ناچار بوو دان بە بەشێک لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییە ڕەواکانی دا بنێت لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئادار.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا، گەورەترین شوناسی شۆڕشی ئەیلوول، گۆڕینی ڕاپەرین و خەباتی ناوچەیی بوو بۆ شۆڕشێکی نیشتیمانی سەرتاسەری لە هەموو کوردستان و دروستکردنی هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی بوو لای هەمو هاووڵاتییانی کوردستان.

مەسرور بارزانی گوتیشی: ئەمڕۆ کە یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەکەینەوە، پێویستە هەموو لایەن و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان، هاوهەڵوێست و یەکدەنگ بن لە پێناو داکۆکیکردن و پاراستنی مافە دەستووری و دەسکەوتە نیشتمانییەکانمان، کە خەڵکی کوردستان، دەیان ساڵە لە پێناویاندا خەبات دەکات و قوربانییەکی زۆری داوە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا تایبەت بە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوول دەڵێت "بە ڕێز و پێزانینەوە، یادی هەموو پێشمەرگە و بەشدارانی ئەو شۆڕشە مەزنەی گەلی کوردستان دەکەینەوە. سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و سەرجەم شەهیدانی کوردستان."