سەهیم عومەر خەلیفە کار بۆ فیلمێکی نوێی سینەمایی دەکات

"میسیی بەغداد" پێشتر وەک کورتە فیلم بەرهەمهاتووە و دەنگدانەوەیەکی زۆی هەبوو و زیاتر لە 60 خەڵاتی لە فیستیڤاڵە سینەماییەکاندا بەدەستهێنا
سه‌هیم عومه‌ر خه‌لیفه‌
سه‌هیم عومه‌ر خه‌لیفه‌

K24 – هه‌ولێر:

"میزۆپۆتامیا کافێ" نوێترین بەرهەمی بڵندی سینەمایی سەهیم عومەر خەلیفە، دەرهێنەری کوردە و ئێستا ئامادەکاری بۆ بەرهەمهێنانی دەکرێت.

سیناریۆی فیلمەکە لەلایەن سەهیم عومەر نووسراوە و لەلایەن دەزگای سینەما لە بەلجیکا پشتیوانی دارایی لێکرا، بوودجەی بۆ تەرخان کراوە و بەم دواییە بودجەی بۆ ئامادەکاری کردن بۆ بەرهەمهێنانی پڕۆژەکە تەرخان کرایەوە.

دەرهێنەری فیلم ئێستا کار بۆ دیارییکردنی ئەکتەر و ستافی فیلمەکە دەکات و بڕیارە لە 2024 کاری وێنەگرتنی دەستپێبکات.

چیرۆکی فیلمەکە باس لە کافێیەک لە برۆکسلی بەلجیکا دەکات، گەنجێکی باشووری کوردستان بەناوی ئارام سەردانی دەکات، بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەگەڵ ئامۆزاکەی هاتووەتە ئەو وڵاتە، بەڵام دواتر پلانی دەگۆڕێت و ژیانی هاوژینی لەگەڵدا پێک ناهێنێت.

سەهیم عومەر خەلیفە، بەردەوام لەلایەن دەزگای سینەمای سەر بە حکومەتی بەلجیکاوە پشتیوانی لە پڕۆژە سینەماییەکانی دەکرێت، کە ساڵانە تەنیا پشتیوانی لە پڕۆژەی چەند فیلمسازێکی ئەو وڵاتە دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، فیلمی سینەمایی "میسیی بەغداد"ـی خەلیفە کارەکانی تەواو بووە و بۆ چەند فیستیڤاڵێکی گرنگی سینەمایی نێردراوە.

"میسیی بەغداد" پێشتر وەک کورتە فیلم بەرهەمهاتووە و دەنگدانەوەیەکی زۆی هەبوو و زیاتر لە 60 خەڵاتی لە فیستیڤاڵە سینەماییەکاندا بەدەستهێنا، دواتر بڕیاری بەرهەمهێنانی وەک فیلمێکی درێژ درا.

سەهیم عومەر خەلیفە، لە دایکبووی زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆکی باشووری کوردستانە و لە بەلجیا دەژی، بڕوانامەی ماستەری لەو وڵاتە بەدەستهێناوە، خاوەنی چوار کورتەفیلم و دوو فیلمی بڵندی سینەمایی و بەڵگەفیلمێکی درێژە، لە رێگەی فیلمەکانییەوە 110 خەڵاتی بەدەستهێناوە، دوو ساڵ بەسەریەکەوە کورتە فیلمەکانی لە کورتە لیستی کورتە فیلمە كاندیدكراوه‌كان بۆ خەڵاتی ئۆسکاردا بوو.

سه‌هیم عومه‌ر خه‌لیفه‌ له‌ كاتی وێنه‌گرتنی یه‌كێك له‌ فیلمه‌كانیدا
سه‌هیم عومه‌ر خه‌لیفه‌ له‌ كاتی وێنه‌گرتنی یه‌كێك له‌ فیلمه‌كانیدا