ئۆکرانیا زیاتر لە 30 ناوچەی کۆنترۆڵکردووەتەوە
K24 – هەولێر
هێرشەکانی سوپای ئۆکراینا لە ناوچەی خارکیڤ لە باشووری وڵاتەکە بۆ دەرکردنی هێزەکانی رووسیا بەردەوامە و ئیدارەی کیێڤ، ئازادکردنی زیاتر لە 30 شوێنی نیشتەجێبوونی لە ناوچەی خارکیڤ لەبن دەست هێزەکانی رووسیای راگەیاند، یەکێک لەو شوێنانەی کە ئازاد کراوە شاری بالاکلیا-یە.
شاری بالاکلیا، کە تازە لەژێر دەستی سوپای رووسیا دەرهێنراوە، بەهۆی رووخانی ئەو رێگایانەی کە بۆ شارەکە دەچن و پردەکان، گەیشتن بەو شارە زۆر ئەستەمە، ئاسەواری ئەو جەنگەی لە شارەکە روویداوە بە ئاسانی لە رێگاوبانەکانی بەدی دەکرێت.
پێشتر ئیگۆر کۆناشنکۆف، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاندبوو، کە هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە شارەکانی (بالاکلیا) و (ئیزیۆم)ـی پارێزگای (خارکێف)ـەوە بۆ ناچەی دۆنتسک پاشەکشەیان کردووە. و وەکخۆی گوتی "پاشەکشەکە بە ئامانجی ئۆپەراسیۆنی تایبەت بۆ کۆنترۆڵکردنی رێگەی دۆنتسک، کراوە".
شاری بالاکلیا، کە بۆ ماوەی شەش مانگ لە بندەستی هێزەکانی رووسیا بوو، دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارەکە ئاڵای ئۆکراینا لەسەر باڵەخانە حکومییەکان هەڵکراوە و تا رادەیەک ژیان لە بالاکلیا ئاسایی بووەتەوە. لە ناوەندی شارەکە بەهۆی ئەو پێکدادانە چەکدارییانەی کە روویانداوە ژمارەیەکی زۆر باڵەخانە زیانیان بەرکەوتووە. ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە دەسوتێن و هێمای (Z) ی لەسەرە جێگەی سەرنجە.
لە 24/2/2022، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە پەیامێکدا شەڕی دژی ئۆکرانیا راگەیاند و سوپای وڵاتەکەی هێرشی بۆ سەر ئەو ئۆکرانیا دەستپێکرد و چەند شار و شارۆچکەیەکیان کۆنترۆڵکرد.