تورکیا: سێ چەکداری پەکەکە-مان لە سنووری خەلیفان کوشتوون

K24 – هەولێر

دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) رایدەگەیەنێت، سێ چەکداری پەکەکەیان لە سنووری ناحیەی خەلیفان-ی سنووری ئیدارەی سۆران کوشتوون.

بەگوێرەی ئاژانسی فەرمی حکومەتی تورکیا، دەزگای هەواڵگری وڵاتەکە (میت) لە سنووری ناحیەی خەلیفانی سنووری قەزای سۆران، لە ئۆپەراسیۆنێکدا سێ چەکداری پەکەکەیان کوشتوون.

ئاماژە بەوەشکراوە، یەکێک لە کوژراوەکانی پەکەکە ناوی ڤیدات ئاکساچ بووە بە " شاهان" ناسرا بوو، پێشتر بە نهێنی کاری بۆ پەکەکە کردووە و لە ساڵی 2015 چووەتە شاخ، "مەشق و راهێنانی لەبارەی تیرۆر و بۆمب بینیووە و ئەندامی تیمی تیرۆر بووە".

ڤیدات ئاکساچ

پێشتر دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاندبوو، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 5ی ئەیلوولی 2022، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نە ناسراو مەفرەزەیەکی چەکدارانی پەکەکەی لە دۆڵی بالیسان کردە ئامانج.

بە گوێرەی زانیارییەکان، مەفرەزە چەکدارەکەی پەکەکە لە سنووری ئیدارەی راپەڕینەوە دەرباز بوون و لە دۆڵی بالیسان لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کراونەتە ئامانج.

دوو رۆژ دوای رووداوەکە و لە 7ی ئەیلوولی 2022، پەکەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردبوو، 5 گەریلایان لە سنووری خەلیفان کراونەتە ئامانج، سێیان گیانیان لەدەستداوە و دووی دیکەشیان برینداربوونە.