دوو هەزار قوتابیی (عەینعیسا) لە خوێندن بێبەشبوونە

K24 – هەولێر

لە شارۆچکەی عەینعیسا و گوندەکانی باشووری گرێسپی، نزیک بە دوو هەزار قوتابی لە خوێندن بێبەشبوونە، چونکە 23 قوتابخانەی ئەو ناوچانە دەکەونە سەر هێڵێ تەماسی نێوان هێزەکانی سەر بە سوپای تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکرات، هەر بۆیە ئەو ناوچانە بەردەوام گرژییان تێدایە.

 رۆژی 18ـی ئەیلول، یەکەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندن لە سووریا دەستپێدەکات. بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گرێسپی بۆ ساڵی نوێی خوێندن، ئامادەکارییەکانی تەواوکردووە و مامۆستاکانی بۆ قوتابخانەکان بانگکردووەتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی جومعان عیسا وتەبێژی پەروەردەی گرێسپی، لە 97 قوتابخانە تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن کراوە، بەڵام ئەو قوتابخانانەی دەکەونە سەر هێڵی تەماسی گرووپە چەکدارەکانی سوپای تورکیا، لەو ئامادەکارییانە بێبەشبوونە.

جومعان عیسا دەڵێ، لەبەر هەڕەشەی گرووپەکانی سەر بە تورکیا لەسەر ئەو گوندانەی کە دەکەونە سەر هێڵی تەماس، بە هەزاران قوتابی لە خوێندن بێبەشبوونە.  ئەوە چەندین ساڵە بە هۆی شەڕەوە، پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانەی چەندین گوندی ناوچەکە راگیراوە.

ئەو، بەدیاریکراوی باسی لەوە کرد کە دوو هەزار قوتابی لە خوێندن دابڕاون.

بە گوێرەی زانیارییەکان ئەمساڵ نۆ هەزار و 700 قوتابی لە قوتابخانەکانی ناوچەی گرێسپی دەخوێنن و 480 مامۆستا وانە دەڵێنەوە.

ناوچەی گرێسپی لە ساڵی 2019ـەوە لەلایەن سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانییەوە، داگیرکراوە، بەڵام چەندین گوندی سەر بە گرێسپی و عەینعیسا لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات دایە، هەر بۆیە بەردەوام شەڕ و پێکدادان لەو ناوچانە هەیە.