پێکدادان لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دەستیپێکردەوە

"هێرش دەکەنە سەر ژێرخانی سەربازی و مەدەنی"

K24 - هەولێر:

بەرپرسانی ئەرمینیا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە رایانگەیاند، هێزەکانی ئازەربایجان لە هەوڵی پێشڕەویدان بۆ ناو خاکی ئەرمینیا.

وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجانیش لەلای خۆیەوە رایگەیاند، بەهۆی شەڕەنگێزیی ئەرمینیاوە لە سەر سنوور، پێکدادان دەستیپێکردووە.

بەدرێژایی سنووری هاوبەشی نێوان ئەو دوو وڵاتە، پێكدادان لەنێوان هێزەکانیاندا دەستیپێکردووە و هەردوو یەکدی تۆمەتبار دەکەن.

لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگری ئەرمینیادا هاتووە، "هێزەکانی ئازەربایجان بەردەوامن لە بەکارهێنانی تۆپ، هاوەنی خەندەق و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. هێرش دەکەنە سەر ژێرخانی سەربازی و مەدەنی. دوژمن لە هەوڵی پێشڕەویدایە بۆ ناو خاکی ئەرمینیا".

لە بەرانبەردا وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان باسی لەوەکرد، "گرووپە تێکدەرەکانی سوپای ئەرمینیا بە ئاڕاستەی جیاواز مینیان لە زەوی و رێگاکانی نێوان پێگەکانی سوپای ئازەربایجان داناوە. لە ئەنجامی ئەو رێوشوێنانەی یەکە سەربازییەکانی ئازەربایجان گرتوویانەتەبەر شەڕ و پێکدادان هەڵگیرساوە".

دوایین جار کە شەڕ و پێکدادان لەنێوان ئەو دوو وڵاتە روویدا لە پایزی 2020 بوو، کە ماوەی زیاتر لە مانگێک شەڕی ئازەربایجان و ئەرمینیا لە هەرێمی قەرەباخ بەردەوام بوو و، بەهۆیەوە سەدان کەس کوژراون و هەزاران کەسیش ئاوارەبوون.