ژن و مێردێکی ئەمەریکی پێش چوونە نێو داعش دەستگیرکران

"کەسێكی نزیکیان هاوسەرگیری لەگەڵ ئەندامێکی داعشدا کردووە"
چەکدارێکی داعش ئاڵای گرووپە تیرۆریستیەکەیانی هەڵگرتووە
چەکدارێکی داعش ئاڵای گرووپە تیرۆریستیەکەیانی هەڵگرتووە

K24 - هەولێر:

ژن و مێردێکی ئەمەریکی دانیان بەوەدا ناوە، لەکاتێکدا ویستوویانە سواری کەشتییەک بن کە بەرەو یەمەن دەڕۆیشت بۆ ئەوەی پەیوەندی بە داعشەوە بکەن، دەستگیرکراون.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دادی ئەمریکا، ئەو دوو هاوسەرە ئەمەریکییە بە ناوەکانی ئێرڤا موسەننا و جەیمس برادلی، دانیان بەوە داناوە کە  ویستوویانە پشتیوانی لە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بکەن.

ئەو دوو هاوسەرە دانیان بەوەدا ناوە کە ساڵی رابردوو بە سواربوونی کەشتییەک لە ویلایەتی نیوجێرسی هەوڵیانداوە بچنە یەمەن بۆ ئەوەی پەیوەندی بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە بکەن.

هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ش کراوه‌، که‌ خوشکی ئێرڤا موسەننا به‌ ناوی هودا له‌ ساڵی 2014 دوای پەیوەندیکردنی بە رێکخراوەکە هاوسەرگیری لەگەڵ ئەندامێکی داعشدا کردووە و ئێستا لە هەوڵی ئەوەدایە بگەڕێتەوە بۆ ئه‌مەریکا.

بەپێی ئەو تۆمەتانە بێت کە برادلی و موسەننا دانیان پێدا ناوە، زۆرترین سزای هەر یەکێکیان 20 ساڵ زیندانی دەبێت.

ئاماژە بەوەشدرا، دادوەری دادگای ناوچەی فیدراڵی دوای رەچاوکردنی رێنماییەکانی سزادانی ئەمەریکا و هۆکارە یاساییەکانی دیکە لە رۆژانی 2 و 3ـی شوباتی 2023، سزای ئەو دوو هاوسەرە دەستنیشان دەکات.