وەزارەتی ناوخۆی عێراق: رێکارەکانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی دەستیپێکردووە

بۆئەوەی چیتر پشتنەبەستن بە پاسپۆرتی کاغەزی
پاسپۆرتی عێراقی
پاسپۆرتی عێراقی

K24 - هەولێر:

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی داهاتوودا پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی بە تەکنەلۆژیای زۆر بەرز دەردەچێت، ئەمەش وەك ئامادەکارییەك بۆئەوەی "چیتر پشتنەبەستن بە پاسپۆرتی کاغەزی".

ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی ئەیلوولی 2022، عەمید فازل کامل، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی کازمیە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، پرۆسەی پێدانی پاسپۆرت بەردەوامە، جەختیشی لەوەکردەوە، مامەڵەکە لە 72 کاتژمێر تێناپەڕێت، هەروەها هیچ وەستانێك لە پێدانی پاسپۆرتدا نییە.

عەمید فازل کامێل باسی لەوەشکرد، لە ماوەی داهاتوودا پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی بە تەکنەلۆژیای زۆر بەرز دەردەچێت.

ئاماژەی بەوەشدا، "بە هەوڵی جێگری سکرتێری باڵا، بەڕێوەبەری گشتی رەگەزنامە و بەڕێوەبەری کاروباری پاسپۆرت، رێکارەکانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی دەستیپێکردووە".

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی کازمیە گوتیشی: پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە چوارچێوەی پرۆژەیەکدایە کە دەرکردنی کارتی نیشتیمانیش لەخۆدەگرێت، ئامانج لە پرۆژەکە ئاسانکارییە بۆ دوورکەوتنەوە لە پاسپۆرتی کاغەزی.