حکومەتی هۆڵەندا بۆ هاووڵاتیانی: بە پێنج خولەك خۆتان بشۆن

نرخی وزە لە هۆڵەندا بە رێژەی سەدا 151 بەرزبووەتەوە
دووشی خۆشووشتن
دووشی خۆشووشتن

K24 - سلێمانی:

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، حکومەتی هۆڵەندا هەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ کەمکردنەوەی ماوەی خۆشووشتن بۆ پێنج خولەک، بە ئامانجی کەمتر خەرجکردنی وزە.

کارلا جێنەڕاڵ دانیشتووی شارۆچکەی نۆردڤیکە لە رۆژئاوای هۆڵەندا بە ڕۆژنامەکەی راگەیاندووە، ئەو راهاتووە بە ئاوی گەرم خۆی بشوات بۆ ماوەی 15 خولەک، بەڵام هاوڕێکەی کە بە ئاوی سارد خۆی دەشوات تەنیا دوو خولەک و نیوی پێدەچێت.

کارلای تەمەن 37 ساڵ ئاماژەی بەوەشکردووە، زیادبوونی نرخی وزە و کەمبوونەوەشی، بوونەتە پاڵنەر تا ماوەی خۆشووشتن کەمبکاتەوە هەر بۆیە کاتژمێری 5 خولەکی لمیی کڕیووە و دەشڵێت، "ئێستا تەنیا پێنج خولەک و یەکجار لە مانگێکدا خۆم دەشۆم".

بەگوێرەی رۆژنامە ئەمەریکییەکە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت لە یەکێک لە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی هۆڵەندا کاتژمێکی لمیی پێنج خولەکییان بەسەر خەڵکدا دابەشکردووە بە ئامانجی کەمتر بەکارهێنانی وزە.

سیا دێرکس کە رۆژنامەنووسێکی هونەرییە و دانیشووی ئەمستردامە دەڵێت، بەردەوام هەوڵیداوە وزە کەم بەکاربهێنێت بۆیە تەنیا یەکجار لە هەفتەیەکدا خۆی دەشوات و زیاتر لە پێنج خولەکیشی پێناچێت.

رێنت جان رینیس، راوێژکاری حکومەتی هۆڵەندا بۆ قەناعەپێکردنی هاووڵاتیان بۆ دەستگرتن بە وزەوە ئاماژە بەوەدەکات، هاووڵاتیان حەزیان لە پارە و گرنگیدانە بە ژینگە، بەڵام بە گومانەوە سەیری داواکارییەکانی حکومەت دەکەن و بە گشتی ئامادەنین قوربانی کەسی بدەن بەبێ هۆکاری گونجاو.

وۆڵ ستریت جۆڕناڵ دەڵێت، "بەلای زۆرینەی خەڵکەوە. حەمام شوێنێکی پیرۆزە".

رۆژنامەکە نموونەی بە خوێندکارێکی تەمەنی 23 ساڵە هێناوەتەوە کە ژینگەی بەلاوە گرنگە و بۆ پاراستنی بە شەمەندەفەر هاتووچۆ دەکات بەڵام سەرباری ئەوەش رەتیدەکاتەوە کە ماوەی خۆشووشتن کەمبکاتەوە و جەختدەکاتەوە، " بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە وزەی خەڵوز پێویستە بەکارهێنانی وزە لە کەرتە سەرەکییەکانی پیشەسازی کەمبکرێتەوە نەک خۆشووشتن".

حکومەت دەڵێت، خۆشووشتنی خێرا دەکرێت ساڵانە 130 یۆرۆ خەرجی بۆ هەر خێزانێک بگەڕێنێتەوە.

پێشتریش حکومەتی هۆڵەندا داوای لە هاووڵاتییەکانی کردبوو لە جیاتی جلشۆر(غەسالە)، جلەکانیان لەبەر خۆر هەڵخەن هەروەها لەجیاتی سپلێت پانکە بۆ فێنکردنەوەی ماڵەکانیان بەکاربهێنن.

رۆژی 6ی ئەیلوولی 2022 فەرمانگەی ناوەندی ئاماری هۆڵەندا رایگەیاند، بەراورد بە ئەیلوولی ساڵی رابردوو نرخی وزە بە رێژەی 151% بەرزبووەتەوە هەروەها هەڵاوسان لەو وڵاتەدا گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز کە لە پەنجاکانی سەدەی رابردووەوە نموونەی نەبووە.