ئایدن مەعروف: زەرەرمەندی یەکەم له فرەبازنەیی بۆ ھەڵبژاردن، پێکھاتەکانن
K24 – ههولێر:
بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی لە ههولێر رایدهگهیهنێت، زەرەرمەندی یەکەم له فرەبازنەیی بۆ ھەڵبژاردن، پێکھاتەکانن و ئێمە لەگەڵ فرەبازنەیی نین.
ئایدن مەعروف بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی لە ههولێر، كە لە ھەمان کاتدا وەزیری ھەرێمە بۆ کاروباری پێکھاتەکان، به کوردستان24ـی راگهیاند، وەک بەرەی تورکمانی لەگەڵ فرە بازنەی نین و ئەمە قسەی پێکھاتەکانی دیكهشه، چونکە زەرەرمەندی یەکەم ئەوانن و ئەوان لەگەڵ ئەو کۆتایەن کە ساڵانێکە بۆ پەرلەمانی کوردستان پەیڕەو دەکرێت.
ئایدن مەعروف باسی لەوەشكرد، ئەو پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردنە، وایکردووە کە پێکھاتەکان نوێنەری راستەقینەی خۆیان بنێرنە پەرلەمان، چونکە دەنگی پێکھاتەکان بەسەر چەند ناوچەیەک لە ھەرێمی کوردستان دابهشبووه، ئێستا تەنیا لە ھەولێر و کفری ئێمە بەربژێرمان ھەیە و خەڵکی تورکمان لەو ناوچانە نیشتهجێن، ئەگەر فرەبازنەیی بێت، ھیچ نوێنەرێکی ئێمە ناتوانێت سەربکەوێت و دەنگەکانمان دەفەوتێت.
مەعروف روونیكردهوه، پێکھاتەکان پاشکۆی ھیچ حیزب و لایەنێک نین و تەنیا ھەندێ لایەن داکۆکی زیاتر لە مافی پێکھاتەکان دەکەن و لەگەڵ یەکێتی و پارتیش پەیوەندییەکانمان باشە، بەڵام ئێمە، کریستیان، کلدان و ئاشووری بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆی حکومەت، تەوافوقمان لەگەڵ پارتی ھەیە، ئەمەش ئەوەیە کە ھەندێ جار و ھەندێك لایەن ئێمە بە پاشکۆی حیزبێک یان لایەنێک تۆمەتباردەکەن.