فەلەستین دڵنیایی بە کوردانی عەفرین دەدات

ریاز مالیکی، وەزیری کاروباری دەرەوە و کۆچبەرانی فەلەستین
ریاز مالیکی، وەزیری کاروباری دەرەوە و کۆچبەرانی فەلەستین

K24 – هەولێر

ریاز مالیکی، وەزیری کاروباری دەرەوە و کۆچبەرانی فەلەستین، وەڵامی سکاڵانامەیەکی خەڵکی عەفرینی دایەوە و دووپاتیکردەوە کە ئەوان "دژی" نیشتەجێکردنی هەر فەلەستینییەکن لەسەر خاکی کوردان.

وەزیری کاروباری دەرەوە و کۆچبەرانی فەلەستین لە نامەیەکدا کە رێکەوتی 15ـی ئەیلولی لەسەرە و کۆپیەکی بەدەست کوردستان24 گەیشتووە، لەبارەی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون بۆ فەلەستینییەکان لە عەفرین و ئەو کۆمەڵانەی بە ناوی فەلەستینی کار دەکەن، دەڵێ: بە پێی ئەو زانیاریانەی بەدەست ئیمە گەیشتوون، ئەوە هەوڵێکی تاکە کەسییە و لەلایەن هەندێ کۆمەڵەوە دەکرێت کە نوێنەرایەتی فەلەستین ناکەن.

ریاز مالیکی، لە بەشیکی نامەکەیدا نووسیویەتی: ئەو کەسەی بۆ ئازادی و مافی سەربەخۆیی تێدەکۆشێ، ناتوانێ دەستدرێژی بۆ سەر زەوی و مافی خەڵکانی دیکە بکات، بەتایبەت ئەگەر ئەو کەسانە فەلەستینی بن.

وەزیری کاروباری دەرەوە و کۆچبەرانی فەلەستین، لە نامەکەیدا دووپاتیکردووەتەوە، "ئیمە نیشتەجێکردنی هەر فەلەستینییەک لە ژێر هەر ناوێکدا و لەسەر خاکی کوردان و نەتەوەکانی دیکە رەتدەکەینەوە و قبووڵ ناکەین ماف و موڵکی کوردان لە عەفرین و ناوچەکانی دیکەی کوردی کە باکووری سووریا پێشێل بکرێت.

رۆژی هەشتی ئەیلول، شاندێک بە نوێنەرایەتی خەڵکی عەفرین و بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین لەبارەی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون بۆ فەلەستینییەکان لە عەفرین، سەردانی کۆنسولخانەی ئەو وڵاتەیان لە هەولێر کرد و لەگەڵ نەزمی هەزووری کۆبوونەوە و نامەی ناڕەزایەتیان بە کۆنسولی فەلەستین دا.

روونکردنەوەی ریاز مالیکی، وەزیری کاروباری دەرەوە و کۆچبەرانی فەلەستین
روونکردنەوەی ریاز مالیکی، وەزیری کاروباری دەرەوە و کۆچبەرانی فەلەستین