سەعدی پیرە: لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار رێکنەکەوتووین

"چوونمان بۆ بەغدا بە دوو کارتی جیاواز باش نییە"
سەعدی ئەحمەد پیرە
سەعدی ئەحمەد پیرە

K24 – هەولێر

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، تائێستا پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار نەگەیشتوونەتە رێککەوتن. دەشڵێت: چوونمان بۆ بەغدا بە دوو کارتی جیاواز باش نییە.

سەعدی ئەحمەد پیرە، لەمیانی بەشداریکردنی لە باسی رۆژی کوردستان24 رایگەیاند، دوایین کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بە گشتی لەبارەی پرسی هەڵبژاردن بوو. گوتیشی: "نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جیاوازییەکان، هەروەها لەبارەی پرسی سەرۆککۆمار رێکنەکەوتووین، بۆ راگرتنی هاوسەنگی دەبێ بۆچوونی هەردوولا لەبەرچاو بگیرێت".

سەعدی پیرە، دەشڵێت: "نابێ هەڵەکانی دوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دووبارە بکەینەوە، هەروەها ئەو هەڕەشانەی لەسەر هەرێمی کوردستان و دەستووری عێراق و سیستمی فیدراڵی دەکرێت، دەبێت بە جددی وەریبگرین، دەبێ بیر لەوە بکەینەوە چوونی دوو شاند بۆ دیالۆگی نیشتمانی عێراق بە دوو کارتی جیاواز، واتا پارتی و یەکێتی هەر یەکێکیان بە کارتی خۆی، ئەمە باش نییە، بۆ ئەوە دەبێ لەگەڵ هەموو لایەنەکانی دیکەی کوردستان بە یەک کارت بچینە بەغدا، هێشتا کات ماوە پێویستە بۆچوونەکان رێکبخرێن و بگەنە ئەنجامێکی باش".

سەبارەت بە کێشە سەرەکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ رێکنەکەوتن، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، گوتی: "یەکێک لە کێشەکان پۆستی سەرۆککۆمارە، لەناو هەموو پۆستەکانی هەرێم و بەغدا ئەو پۆستە بەدەست یەکێتیەوەیە، ئەگەر ئەو پۆستەمان پێ رەوا نەبینن ئەی مانای شەراکەتمان چییە، هەروەها بابەتێکی دیکە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانە، ئێمە پێمانوایە جگە لە کارتی نیشتمانی هەموو بەڵگەنامەکانی دیکەی عێراق فێڵ و فەرەجی تیاکراوە، لیستی دەنگدەران لە ساڵی 1992ـەوە هیچ مردوێک لەو لیستە لانەبراوە، بابەتی کۆتا بۆ یەک لایەن بۆ یەک لایەن سوودی لێوەردەگیرێت، کۆتا بۆ ئەوەیە کلدو ئاشووری و تورکمانەکان سوودی لێوەرگرن".

سەعدی پیرە، خەختیکردەوە: "ئێمە لەسەر بابەتی سەرۆککۆمار رێکنەکەوتووین، ئەو دەنگۆیانەی هەشبوو کە گوایە رێککەوتووین لەلایەن گوتەبێژی فەرمی پارتیش رەتکراوەتەوە".

سەبارەت بە یەک بەستنەوەی پۆستەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا، سەعدی پیرە، گوتی: "هەرێم بەشێکە لە عێراق، بەڵێ پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆککۆمار بەیەکەوە بەستراونەتەوە".