حەیدەر عەزاری لە پۆستی باڵوێزی عێراق لە ئوردن دوورخرایه‌وه‌

" ئێستا کاتی گەڕانەوەیە بۆ ناوەندی وەزارەتی دەرەوە لە بەغدا"
حەیدەر عەزاری له‌گه‌ڵ هاوژینه‌كه‌ی و هونه‌رمه‌ند راغب عه‌لامه‌
حەیدەر عەزاری له‌گه‌ڵ هاوژینه‌كه‌ی و هونه‌رمه‌ند راغب عه‌لامه‌

K24  - هه‌ولێر:

حەیدەر عەزاری بە فەرمی لە پۆستی باڵیۆزی عێراق لە ئوردن دوورخرایه‌وه‌ و گەڕێندرایەوە ناوەندی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەغدا.

حەیدەر عەزاری ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی ئه‌یلوولی 2022، لە راگەیەندراوێکدا رایگه‌یاند: " شانازی گەورەیە بۆ من کە بۆ ماوەی شەش ساڵ بەبێ پچڕان باڵیۆزی عێراق بووم لە رووسیای فیدڕاڵ و شانشینی ئوردنی هاشمی هاوکات نوێنەری عێراق بووم بۆ وڵاتەکانی بیلارووس و فەڵەستین".

حەیدەر عەزاری ئاماژەی بەوەشکردووە:" ئێستا کاتی گەڕانەوەیە بۆ ناوەندی وەزارەتی دەرەوە لە بەغدا".

رۆژی ـ١٩ی ئابی ٢٠٢٢ گۆرانیبێژی بەناوبانگی لوبنانی راغیب عەلامە، چەند وێنەیەکی خۆی و حەیدەر عەزاری و هاوسەرەکەی لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاوکردەوە و رایگەیاند: " لە دڵەوە سووپاسی بەڕێز حەیدەر عەزاری، باڵیۆزی عێراق لە ئوردن و خاتوو مەیسەم روبەیعی هاوسەری دەکەم بۆ میوانداریکردنمان."

بەشێک لە عێراقییەکان رەخنەیان لە شێوازی دەرکەوتنی مەیسەم روبەیعی هاوسەری باڵوێزی عێراق گرت و پێیانوابوو، "زیادەڕۆیی کردووە لە مامەڵەکردن و بە تەواوی شایستەی هاوسەری باڵیۆز نییە کە پێگەیەکی دیبلۆماسییە".

 رۆژێک دوای بڵاوبوونەوەی وێنەکان، ئەحمەد سەحاف گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، باڵوێزی عێراق لە ئوردن بانگهێشتکراوەتەوە بۆ بەغدا.