نادیه موراد داوایه‌ك له وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
نادیه موراد، كچه چالاكوانی ئێزیدیی رزگاربووی ژێر ده‌ستی داعش، له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا كۆبووه‌وه.
له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، نادیه موراد كچه چالاكوانی ئێزیدیی رزگاربووی ژێر ده‌ستی داعش، وێنه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ ئانالێنا بێیربۆك، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا بڵاوكردووه‌ته‌وه و نووسیوویه‌تی: "دڵخۆشم له به‌رلین وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیام بینی".
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی نووسیووه: "له میانه‌ی دیداره‌كه‌ماندا، تاووتوێی چه‌ند پرسێكمان كرد، له‌وانه گرنگی دادگاییكردنی چه‌كدارانی داعش له ئه‌ڵمانیا و فراوانكردنی شێوازی دادگاییكردنه‌كه تا ئاستی نێوده‌وڵه‌تی".
نادیه موراد ده‌شڵێت: "هه‌موو ئه‌و ئالنگارییانه‌مان باسكرد، كه دێنه رێی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزدی له عێراق و هه‌روه‌ها جه‌خت له مافی ئافره‌ت له ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان كرایه‌وه".
نادیه موراد، وه‌ك رزگاربووێكی ژێر ده‌ستی داعش، له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه به باڵیۆزی نیازپاكی هه‌ڵبژێردراوه.