هه‌رێمه سه‌ربه‌خۆ خوازه‌كانی ئۆكرانیا ریفراندۆم ده‌كه‌ن
K24 – هه‌ولێر:
له هه‌رسێ هه‌رێمی لۆگانسك، دۆنیتسك و خێرسۆن، له باشووری ئۆكرانیا و ناوچه‌ی زابوریجیا، كه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی سوپای رووسیا دان، ریفراندۆم ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی رای خه‌ڵك له باره‌ی چاره‌نووسیانه‌وه بزانرێت.
ده‌سه‌ڵاتدارانی رووسیا رایانگه‌یاندووه له‌و سێ ناوچه‌یه ریفراندۆم ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر رووسیا، یان له پاڵ ئۆكرانیادا بمێننه‌وه.
بڕیاره ریفراندۆمی ئه‌و هه‌رێمانه له 23 تا 27ی ئه‌م مانگه به‌ڕێوه‌بچێت.
ئه‌م ریفراندۆمه هاوكاته له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی شه‌ڕی ئۆكرانیا، كه پێ ده‌نێته مانگی هه‌شته‌مییه‌وه.
ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه ئاماده‌كاری بۆ ئه‌و ریفراندۆمه كراوه، كه هاوشێوه‌ی ریفراندۆمی هه‌رێمی قرمه، كه له 2014 به‌ڕێوه‌چوو، وڵاته خۆرئاواییه‌كان ئیدانه‌یان كرد.
ئێستا كه بڕیاره ریفراندۆم له ناوچه‌كانی باشووری ئۆكرانیا به‌ڕێوه‌بچێت، سوپای رووسیا له ناوچه‌كانی باكووری خۆرهه‌ڵاتی ئۆكرانیا پاشه‌كشه‌ی كردووه.
پارتی رووسیای یه‌كگرتوو، به سه‌رۆكایه‌تی ڤلادیمێر پوتن، ده‌یویست ئه‌و ریفراندۆمه له 4ی نۆڤه‌مبه‌ری داهاتوو، له ساڵڕۆژی نیشتمانی و یادی شۆڕشی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌ی دژ به هێزه‌كانی پۆڵه‌ندا له مۆسكۆ به‌ڕێوه‌بچێت.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی لۆگانسك، دینیس میرۆشنیشنكۆ، رایگه‌یاند، له ماوه‌ی چوار رۆژدا و له سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو، پرۆسه‌كه به‌ڕێوه‌ده‌به‌ین.
وێبسایتی لۆگانسكی هه‌واڵیی بڵاویكرده‌وه، ئه‌نجوومه‌نی ئوممه بڕیاری دا، له 23 تا 27ی ئه‌م مانگه ریفراندۆم به‌ڕێوه‌ببرێت.
هاوكات ئاژانسی هه‌واڵی دۆنیتسك واده‌ی هاوشێوه‌ی ده‌ستنیشان كرد بۆ ریفراندۆم و ڤلادیمێر سالدۆی، سه‌رۆكی ئیداره‌ی خێرسۆنیش به هه‌مان شێوه ئه‌و بڕیاره‌ی داوه.
یه‌ڤگینی بالیتسكی، سه‌رۆكی ئیداره‌ی ناوچه‌ی زابۆریژیا، كه گه‌وره‌ترین وێستگه‌ی ناووكی تێدایه، رایگه‌یاند، ئێمه‌ش لای خۆمانه‌وه له هه‌مان واده‌دا ریفراندۆم ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌نووسی خۆمان ده‌ستنیشان بكه‌ین.
حكومه‌تی كیێڤ له‌سه‌ر زاری سه‌رۆكی ئیداره‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئۆكرانیا، ئه‌ندریه یرماك، رایگه‌یاند، هه‌ڕه‌شه‌ی رووسیا هیچ چارێكی نییه، جگه له‌وه‌ی به هێز رووبه‌ڕووی ببینه‌وه.
ئه‌و به‌رپرسه ئۆكرانییه ئیدانه‌ی هه‌ڵوێسته سیاسییه‌كه‌ی رووسیای كرد و وتی: ئه‌وه‌ی مۆسكۆ ده‌یكات، هه‌راسان كردنه و رووسیا به هۆی پاڵنه‌ری "ترس له شكست" ئه‌و كاره ده‌كات.
دمیترۆ كولیبا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئۆكرانیا، له‌و باره‌یه‌وه هاته ده‌نگ و وتی: ئێمه شه‌ڕ له پێناو رزگاری خاكماندا ده‌كه‌ین، گوێ به‌وه ناده‌ین رووسیا چی راگه‌یاندووه.
بڕیاری ریفراندۆمه‌كه، هاوكاته له‌گه‌ڵ ناچاربوونی سوپای رووسیا بۆ كشانه‌وه‌ی له ناوچه‌ی خاركێڤ، كه كه‌وتووه‌ته باكووری خۆرهه‌ڵاتی ئۆكرانیا.
له‌و میحوه‌ره‌ی شه‌ڕدا، چه‌كه خۆرئاواییه‌كان كۆمه‌كی گه‌وره‌ی سوپای ئۆكرانیایان كرد و ده‌وترێت له‌به‌ر كاریگه‌ری هێرشی ئۆكرانییه‌كان، رووس ناچار به پاشه‌كشه بووه.
له باشووری وڵاته‌كه‌یدا، سوپای ئۆكرانیا هێرشی كرده سه‌ر ناوچه‌ی خێرسۆن، به‌ڵام قه‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی وه‌ك ئه‌وه‌ی خاركێڤ نه‌بوو، بۆیه نه‌یتوانی به ده‌ستكه‌وته‌وه لێی ده‌رچێت.
حكومه‌تی كیێڤ هیواداره گوندی بیلۆگوریڤكا، كۆنترۆڵ بكاته‌وه، كه سوپای رووسیا له ئایاری رابردوودا كۆنترۆڵی كردبوو.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، سه‌رۆك وه‌زیرانی رووسیا، دمیتری مێدڤیدیڤ، كه‌سی دووه‌می ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی رووسیا، به یه‌كه‌م كه‌س داده‌نرێت، داوای كردبوو، به زوویی ریفراندۆم له ناوچه‌كانی لۆگانسك و دۆنیتسك بكرێت.
مۆسكۆ پێی وایه دونباس، له رووی مێژووییه‌وه هه‌قی رووسیایه، بۆیه میدڤیدیڤ، له تێلیگرام رایگه‌یاند، ریفراندۆمی دونباس بۆ ئێمه بایه‌خێكی زۆری هه‌یه، له‌و رێگه‌یه‌وه دادوه‌ریی مێژوویی ده‌گه‌ڕێته‌وه.
وتیشی: ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر خاكی رووسیا، تاوانه. له حاڵی روودانی ئه‌و تاوانه‌دا هه‌موو جۆره هێزێك بۆ به‌رگری له خۆمان به‌كار ده‌هێنین.
شیكه‌ره‌وه‌ی سیاسه‌تی رووسیا، تاتیانا ستانوڤایا، وتی: ریفراندۆمه‌كه هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر ئۆكرانیا و خۆرئاوا، به تایبه‌تی ئه‌و وڵاتانه‌ی یارمه‌تی كیێڤیان داوه و سزایان به‌سه‌ر رووسیادا سه‌پاندووه.
ئه‌و شاره‌زایه، روونیشیكرده‌وه، پوتن په‌له‌یه‌تی بۆ سه‌رخستنی ریفراندۆمه‌كه، بۆ ئه‌وه‌ی ماف به خۆی بدات، چه‌كی ناووكی بۆ به‌رگری له خاكی وڵاته‌كه‌ی به‌كاربهێنێت، ئه‌گه‌ر هێرشی كرایه سه‌ر.
ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌ڕێوبه‌ری دۆنیتسك و لۆگانسكی سه‌ربه‌خۆخواز، له 2014 دامه‌زران. پوتن دانی به سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و دوو هه‌رێمه‌دا ناوه، له 24ی شوباتی رابردوودا به پاساوی به‌رگریكردن له گه‌لی ئه‌و دوو هه‌رێمه، كه به رووسی ده‌دوێن، شه‌ڕی ئۆكرانیا ده‌ستیپێكرد.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، له كاتی وه‌رگرتنی نامه‌ی متمانه‌داری باڵیۆزانی نوێ، پوتن رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی له‌سه‌ر هێڵی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی خاوه‌ن سه‌روه‌ری ره‌فتار ده‌كات و هه‌ژموونی ئه‌مه‌ریكا ره‌تده‌كاته‌وه.
سه‌رچاوه: فرانس پرێس