عێراق.. هاوردەی گەنم و شیرەمەنی لە ئوسترالیاوە زیادیکردووە

ئاڵای ئوسترالیا و عێراق
ئاڵای ئوسترالیا و عێراق

K24- هەولێر:

بەگوێرەی پێگەی ترەید ماپ، گەنم و شیرەمەنی لە گرنگرین هاوردەکانی عێراقن لە ئوسترالیا.

لە راپۆرتیکی ئەو پێگەیەدا هاتووە، ساڵی رابردوودا عێراق 24 ماددەی خۆراکی لە ئوسترالیا بە بەهای 26 ملیۆن و 957 هەزار دۆلار هاوردەکردووە، بەمەش هاوردەی عێراق لە ئوسترالیا لە ساڵانی 2017 تاوەکو 2021 بە رێژەی سەدا 35 گەشەی کردووە.

بە گوێرەی داتاکان، گەنم بەشێکی زۆری هاوردەکانی پێکهێناوە، کە تەنیا لە ساڵی 2021 هاوردەکردنی 10 هێندە زیادیکردووە و گەیشتووەتە 16 ملیۆن دۆلار، دوای ئەو بەرهەمی شیرەمەنی و بەرووبوومی پەلەوەری و هێلکە و هەنگوینی سروشتی هاوردەیان چوار هێندە زیادیکردووە، هاوردەی داو و دەرمانیش 30 هێندە هاوردەیان زیادیکردووە.

لەبەرامبەردا هەناردەی عێراقیش بۆ ئوسترالیا گەیشتووەتە 454 هەزار دۆلار و لە ساڵانی 2017 تاوەکو 2021 بە رێژەی سەدا 62 بەرزبووەتەوە.

دیارترین ئەو شتانە عێراق هەناردەی ئوسترالیای کردووە، بریتین لە میوە و چەرەزات بە بەهای 240 هەزار دۆلار و لە دوای ئەویش قاوە و چای و بەهارات بە بڕی 67 هەزار دۆلار.

مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیش، وەزاتی بازرگانی عێراق بڵاویکردەوە، بۆ کڕینی ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن گەنم، گرێبەستێك لەگەڵ ئوسترالیا و ئەمەریکا واژۆدەکەن.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی عێراق، لە وەرزی زستانی 2021 نزیکەی 4 ملیۆن و 234 هەزار تۆن گەنم بەرهەمهاتووە، لەکاتێکدا لە 2020 بڕەکە سەرووی 6 ملیۆن تۆن بووە، بەمەش بڕی بەرهەمهێنانی گەنم ساڵ لە دوای ساڵ بەهۆی وشکەساڵی کەمبووەتەوە.