بەکارهێنانی دراوە ئەلیکترۆنییەکان زیادیکردووە

"دراوە ئەلیکترۆنییەکان بۆ حەواڵە و سپیکردنەوەی پارە بەکاردەهێندرێت"

K24 - هەولێر

بە کاریگەری بەرزبوونی بەهای دۆلار بۆ بەرزترین ئاستەکانی 20 ساڵی رابردووی، بەهای دراوە ئەلیکترۆنییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزین، کە دیارترینیان بیتکۆینە %60 بەهاکەی لەسەرەتای ئەمساڵەوە لەدەستداوە، ئەوەش زیاتر لە %70ـی مامەڵەکارانی دراوی ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان زیانمەند کرد.

داکەوتنی بەرچاوی بەهای دراوە ئەلیکترۆنییەکان ژمارەیەکی زۆری مامەڵەکارانی مایەپووچ کرد، سەرەڕای ئەوەی دراوە ئەلیکترۆنییەکان هیوایەک بوون بۆ گەنجان تاوەکو لە رێگەیەوە دەوڵەمەندبن، کەچی سێ لە سەر چواری گەنجان  زیانمەند و مایەپووچ بوون، بەڵام دیوێکی دیکەی دراوە ئەلیکترۆنییەکان دەروازەیەکە بۆ حەواڵەکردن لە دەرەوەی سیستەمی بانکی و سپیکردنەوەی پارە.

بیلال شێخ جەوهەر شارەزای بازاڕە داراییەکان، بە کوردستان24ی گوت: "لە هەرێمی کوردستان دراوە ئەلیکترۆنییەکان وەک هیوایەک بۆ دەوڵەمەند بوون و سپیکردنەوەی پارە و حەواڵەکردن بەکاردەهێندرێت، ئەو داکەوتنەی ئەمجارە چاوەڕوانکراو بوو، سەدا 70ـی مامەڵەکاران بەهۆی نەبوونی رۆشنبیرییەوە زیانیان کرد و مایەپووچ بوون".

دراوە ئەلیکترۆنییەکان نزیکەی دەیەیەکە دامەزراون، ئامانج لێیان سەربەخۆیی دارایی بوو لە دەسەڵاتی بانکە ناوەندییەکان، بەڵام بەهۆی فراوان بوونیان، ئێستا زۆربەی وڵاتانی جیهان داوا دەکەن یاسای تایبەتیان بۆ دابڕێژرێت و رێکبخرێنەوە، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری دارایی هەمان داواکاری لە حکومەت و پەرلەمانی کوردستان هەیە، کە ئەو مامەڵانە رێکبخرێنەوە و نەبنە دەرچەیەک بۆ چوونە دەرەوەی سامانی گشتی.

د. محەمەد زراری بەڕێوبەری گشتی چاودرێری دارایی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: "گرنگە لە هەرێمی کوردستان چاودێری بخاتە سەر مامەڵەی دراوە ئەلیکترۆنییەکان و لە پەرلەمان یاسایەکی تایبەتی بۆ دەربکات، چونکە ئەگەری هەیە لە رێگەیەوە سپیکردنەوەی پارە ئەنجامبدرێت، لە رێگەیەوە سەرمایەی وڵات بچێتە دەرەوە".

جگە لە بیتکۆین 21 هەزار جۆر دراوی دیکەی ئەلیکیترۆنی و گریمانەیی و کریپتۆ هەن، لەسەر 510 پلاتفۆرمی بازاڕی جیاواز مامەڵەیان پێوەدەکرێت، قەبارەی بازاڕەکەیان بە گوێرەی بەهاکانیان گۆڕانکاری بەسەردا دێت، قەبارەی بازاڕیان نزیکەی ترلیۆنێک دۆلار بوو، بەڵام ئێستا بۆ نزیکەی 900 ملیار دۆلار دابەزیوە.