سەرۆکی یەکێتی زانایان: خاڵ بە خاڵی پێشنیازە یاساکە رەتناکەینەوە

"ئێمە دژی ژن کوشتنین"

K24 - هەولێر:

سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لەبارەی پێشنیازە یاسای "بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ئافرەت" گوتی: خاڵ بە خاڵی پێشنیازە یاساکە رەتناکەینەوە، بەڵکو دەمانەوێت رەنگدانەوەی بنەماکانی ئیسلام بۆ پاراستنی خێزان لەنێو یاساکەدا هەبێت.

مەلا عەبدوڵڵا وەیسی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە وەك مەلای کورد دژی ژن کوشتنین، دژی هەموو بێڕێزییەکین لەژێر هەر ناوێك و هەر بیانوویەك بێت، رۆژانە نیگەران دەبین کە هەواڵی کوشتنی ژنان دەبیستین.

سەرۆکی یەکێتی زانایان ئاماژەی بەوەشدا، پشتگیری لە هەموو هەوڵێك دەکەن کە پارێزگاری لە تەبایی خێزان بکات.

مەلا عەبدوڵڵا وەیسی گوتی: "ئەم یاسایەی ئێستا بەردەستە بۆ هەمووارکردنەوە لەژێر ناوی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و ئافرەت، سێ رەهەندی هەیە، ئەوانیش (یاسایی، ئایینی، کۆمەڵایەتی)، دەبێت هەر سێ رەهەند لەبەرچاوبگیرێت".

لە رەهەندی شەرعییەوە، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان باس لەوە دەکات، بۆیان روونبووەتەوە، سێ بنەمای سەرەکی ئیسلام بۆ پاراستنی خێزان لە داڕشتنەوەی ئەم یاسایەدا رەچاو نەکراون، بنەمای یەکەم بنەمای ئامۆژگارییە، دووەمیش بنەمای سوڵح و ئاشتەواییە و بنەمای سێیەم پاراستنی نهێنی و تایبەتمەندی خێزانە کە لە یاساکەدا رەنگدانەوەیان نییە.

مەلا عەبدوڵڵا وەیسی گوتیشی: خاڵ بەخاڵی  پێشنیازە یاساکە رەتناکەینەوە، بەڵکو دەڵێین سێ بنەما سەرەکیەکەی کە باسمانکرد، رەنگدانەوەیان لە یاساکەدا نییە. ئەوەشی خستەڕوو ، جگە لەو تێبینییانەی کە هەیانە، پێشنیازە یاسایەکە خاڵی زۆر باشی تێدایە کە ئەوان پێشتریش پشتگیریان لێکردووە.

سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان جەختی لەوەکردەوە، پشتگیری هەر هەنگاوێک دەکەن کە ببێتە هۆکاری کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بەڵام پێویستە هەنگاوەکان لەگەڵ واقعی کوردی بپارێزرێت.