وەزارەتی شارەوانی: پرۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆی قورسی هەولێر  جێبەجێدەکرێت

"ئەو ئاوەی لە ماڵان بەفیڕۆدەچێت جارێكی دیكە خاوێن دەكرێتەوە"
هەولێر
هەولێر

K24 - هەولێر:

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، پڕۆژەی ئاوی قورسی هەولێر بە گوژمەی 300 ملیۆن دۆلار بە درێژیی 75 كیلۆمەتر ئاوەڕۆ بەمەبەستی چارەسەركردنی گرفتی ئاوی قورسی شاری هەولێر جێبەجێدەكرێت.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی شارەوانی، پرۆژەکە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی شاری ھەولێر و بە سێ قۆناغ تەواو دەبێت، ئەو ئاوەی لە ماڵان بەفیڕۆدەچێت جارێكی دیكە خاوێن دەكرێتەوە و بەكاردەهێندرێت بۆ پارك و باخچەكان و ئاوەڕۆكانیش بە شێوەیەكی سەردەمی دروست دەكرێن و سوودێكی زۆری دەبێت.

ئاماژە بەوەشدرا، رۆژی چوارشەممە 21ی ئەیلوولی 2022، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و نوێنەرانی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی و ڕێكخراوی UNDP و كۆمپانیا ژاپۆنییەكان، پرۆسەی كردنەوەی تەندرە پێشكەشكراوەكانی پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان لەسەر قەرزی ژاپۆنی بۆ ئاوەڕۆی قورسی شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

سەبارەت بە گوژمەی پرۆژەکە، وەزارەتی سارەوانی و گەشتوگوزار

ئاشکرایکرد، گوژمەی پرۆژەكە 300 ملیۆن دۆلارە و لەسەر قەرزی وڵاتی ژاپۆنە، سەرەتا یەك لەسەر ھەشتی جێبەجێ دەكرێت، كە 75 كیلۆمەتر ئاوەڕۆیە و یەك لەسەر ھەشتی وێستگەی خاوێنكردنەوەی ئاوەكەیە كە پێی دەگوترێت پڕۆژەی ئاوی قورسی ھەولێر.

ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە پرۆژەكە دەڵێت: پڕۆژەكە بە سێ قۆناغ تەواو دەبێت و ئێستا تەنیا پارە بۆ قۆناغی یەكەم دابینكراوە و تەنیا ماوە دەست بە جێبەجێكردنی بكرێت، قۆناغی دووەمیش 400 كیلۆمەتر ئاوەڕۆیە، لەكاتی دەستبەكاربوونی پڕۆژەكەشدا كرێكاری كوردیش سوودمەند دەبێت و دەتوانێت لە پڕۆژەكەدا كار بكات.