توندوتیژی خێزانی زیادیکردووە

ئەمساڵ زیاتر لە 10 هەزار سکاڵا تۆمار کراون
ژمارەیەک هاووڵاتی لە بەغدا
ژمارەیەک هاووڵاتی لە بەغدا

K24 – بەغدا

بەگوێرەی ئامارەکان توندوتیژی خێزانی لە عێراق زیادیکردووە و تەنیا لە ئەمساڵدا 10 هەزار و 143 سکاڵای توندوتیژی خێزانی تۆمارکراون.

ئافرەتێکی دانیشتووی بەغدا بەناوی عەلیا حەمید، لەوبارەوە دەڵێت: "توندوتیژی خێزانی زۆر بووە، من یەکێکم لەو ژنانەی لەلایەن خەسوەکەم و خێزانەکەمەوە توندوتیژیم بەرامبەر کراوە، لە رەوشێکی خراپدا ژیان بەسەر دەبەم".

هاووڵاتییانی عێراق زیادبوونی توندوتیژی خێزانی بۆ چەند هۆکارێک دەگێڕنەوە لەناویاندا دۆخی دارایی و ئابووری.

رزوان جاسم، هاووڵاتییەکی دانیشتووی بەغدایە و بە کوردستان24ی گوت: "بارودۆخی ئابووری یەکێکە لە هۆکارەکانی توندوتیژی خێزانی، ئێستا لە عێراق خێزانەکان یان زۆر هەژارن یان زۆر دەوڵەمەند".

بەگوتەی چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنی و بواری ئافرەتان، لایەنە پەیوەندیدارەکان تائێستا نەیانتوانیوە رێژەی توندوتیژی خێزانی کەمبکەنەوە.

مەڕوا خەفاجی، چالاکوانی بواری ئافرەتان بە کوردستان24ی راگەیاند: "توندوتیژی خێزانی لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆر مەترسیدارە و بەرەو زیادبوون دەچێت، ئەرکی حکومەتە لە هەموو دامودەزگاکان بە فراوانی کار لەسەر ئەو پرسە بکات".