یەکێتی ئەوروپا داوایەکی "بەپەلە" لە ئێران دەکات

K24 – هەولێر

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، بە نوێنەرایەتی وڵاتانی ناو یەکێتییەکە، لە بەیاننامەیەکدا هاوکات لەگەڵ ئاماژەدان بە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئێران لەلایەن حکومەتەوە، رایگەیاند: بۆ ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا، بەکارهێنانی فراوانی توندوتیژی دژ بە خۆپێشاندانی ئاشتیانە، هیچ روونکردنەوەیەکی بۆی نییە و قبووڵنەکراوە. خەڵکی ئێرانیش وەکو خەڵکی وڵاتانی دیکە، مافی دەربڕینی ئاشتیانەی ناڕەزایەتیان هەیە. دەبێت ئەو مافە لە هەر دۆخێکدا، پارێزراو بێت.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە: یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندامی، داوا لە ئێران دەکات بنەماکانی ناو جاڕنامەی نێودەوڵەتی مافی مەدەنی و سیاسی کە ئێران خۆیشی واژۆی کردووە، بە وردی جێبەجێ بکات.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا نووسراوە: داوا لە ئێران دەکەین بەپەلە کۆتایی بە سەرکوتکردنی توندوتیژیانەی ناڕەزایەتییەکان بێنێ و بەردەستبوونی ئینتەرنێت بۆ خەڵک و ئازادی راگەیاند گەرەنتی بکات. هەروەها چاوەڕوانیمان لە ئێران هەیە ژمارەی قوربانیان و دەستگیرکراوان رابگەیەنێت، ئەو خۆپێشاندەرانەی بەدووربوونە لە بەکارهێنانی توندوتیژی، ئازاد بکات و رەوتێکی گونجاویش بۆ هەموو گیراوان بگرێتەبەر.

لە بەیاننامەکەدا داوا لە کۆماری ئیسلامی ئێران کراوە کە دۆسیەی کوژرانی ژینا ئەمینی "بە وردی کاری لەسەر بکرێت" و رێوشوێن دژ بە بکەر یان بکەرانی بگیرێتەبەر.

لە بەیاننامەکەی جۆزێپ بۆرێلدا هاتووە، "یەکێتی ئەوروپا لەبارەی لێکۆڵینەوە لە کوژرانی مەهسا ئەمینی و شێوەی کاردانەوەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرامبەر بە ناڕەزایەتییەکان، لە لێکۆڵینەوە لە بژاردەکانی بەردەستی تا پێش لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بەرەدەوام دەبێت."

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا