ئەڵمانیا باڵیۆزی ئێرانی بانگهێشت کرد

کوژرانی ژینا ئەمینی کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە
کوژرانی ژینا ئەمینی کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە

K24 – هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئاشکرای کرد کە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە وڵاتەکەی بانگکردووە.

تۆڕی هەواڵی (بی بی سی) بەریتانی، لە سەر زاری وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بڵاویکردووەتەوە، "باڵیۆزی ئێرانمان بانگهێشتکردووە و ناڕەزایەتی خۆمان بەرامبەر بە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران، پێگەیاندووە".

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، رۆژی 25ـی ئەیلول، بە نوێنەرایەتی وڵاتانی ناو یەکێتییەکە، لە بەیاننامەیەکدا هاوکات لەگەڵ ئاماژەدان بە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئێران لەلایەن حکومەتەوە، رایگەیاند: بۆ ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا، بەکارهێنانی فراوانی توندوتیژی دژ بە خۆپێشاندانی ئاشتیانە، هیچ روونکردنەوەیەکی بۆی نییە و قبووڵنەکراوە.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە: یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندامی، داوا لە ئێران دەکات بنەماکانی ناو جاڕنامەی نێودەوڵەتی مافی مەدەنی و سیاسی کە ئێران خۆیشی واژۆی کردووە، بە وردی جێبەجێ بکات.

جۆزێپ بۆرێل دووپاتیکردووەتەوە، "یەکێتی ئەوروپا لەبارەی لێکۆڵینەوە لە کوژرانی مەهسا ئەمینی و شێوەی کاردانەوەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرامبەر بە ناڕەزایەتییەکان، لە لێکۆڵینەوە لە بژاردەکانی بەردەستی تا پێش لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بەرەدەوام دەبێت."

هاوکات لۆرێنس لۆرمەن، رۆژنامەنووس لە رۆژنامەی ئەمەریکی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) لەسەر زاری دیپلۆماتە ئەوروپییەکانەوە بڵاویکردووەتەوە، "یەکێتی ئەوروپا بە هۆی سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان، سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت.

بەرپرسانی ئێران، چەند وڵاتێکی ئەوروپی و ئەمەریکایان بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئێران تۆمەتبار کردووە.