هەوڵەکانی ئۆپێک بۆ رێکخستنەوەی بازاڕ نرخی نەوتی بەرزکردەوە

نرخی نەوت
نرخی نەوت

K24 - هەولێر

نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆیدا، بەهۆی هەوڵەکانی رێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی بۆ رێگریکردنی زیاتری داکەوتنی نرخی نەوت بەرزبووەوە. لە هەمانکاتدا پێنوێنی دۆلارێک بە رێژەیەکی کەم دابەزی.

لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 1.27% بۆ 85.13 دۆلار بەرزبووە، نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش بە رێژەی 1.03% بۆ 77.50 دۆلار بەرزبووەوە.

لە کاتێکدا نرخی هەردوو جۆر نەوت، لە مامەڵەکانی دوێنێیاندا بە نزیکەی دوو دۆلار دابەزین. هۆکاری سەرەکیش بۆ بەهێزبوونی پێنوێنی دۆلار دەگەڕێتەوە، کە بۆ 114 خاڵ بەرزبووەوە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای ئەوە دێت، ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرای کرد، هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس بە وردی چاودێری دۆخی بازاڕ دەکات، کاردەکەن بازاڕی وزە هاوسەنگ بێت، بۆیە نایانەوێت نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە یاخود داڕمێت.