لە نۆ مانگدا نزیکەی 5 ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە

دەستەی گەشتوگوزار پلانی بۆ کارکردنی هەشت ساڵ داناوە
دیمەنێکی هاوینەهەواری بێخاڵ - فۆتۆ: دەستەی گەشتوگوزار
دیمەنێکی هاوینەهەواری بێخاڵ - فۆتۆ: دەستەی گەشتوگوزار

K24 - هەولێر

هەرێمی كوردستان شوێنێكی لەبارە بۆ ئەوەی كەرتی گەشتوگوزار بكات بە یەكێك لە داهاتە سەرەكییەكانی خۆی، ئەمەش وایکردووە لە نۆ مانگی ئەمساڵدا نزیکەی پێنج ملیۆن گەشتیار سەردانی ھەرێمی کوردسستان بکەن، دەستەی گەشتوگوزاریش ئامانجیەتی ئەم رێژەکە نزیک بکاتەوە لە شەش ملیۆن گەشتیار، ئامادەکاریەکانیشی بۆ ساڵی 2023 دەستپێکردووە.

ئامارەکانی ھاتنی گەشتیاران بۆ ھەرێمی کوردستان  بەراورد بە ساڵانی رابردوو سێ ھێندە زیادی کردووە، جگە لە کەش و ھەوا و زۆری شوێنە گەشتیارییەکان، گرنگیدانی حکومەت بە کەرتی گەشوگوزار وایکردووە گەشتیار زیاتر سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن.

نەسرین حوسێن، یەکێکە لەو گەشتیارانەی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و دەڵێت: "من لە بەسرەوە هاتووم، هەرێمی کوردستان کەشوھەوایەکی تایبەتی ھەیە،  ھەموو مانگێک جارێک سەردانی ھەولێر دەکەم، خودا وڵاتەکەتان بۆ بپارێزێت، لە بەسرەی سەرچاوەی نەوتەوە ھاتووم، بەڵام وێرانەییە، کە دێم ئێرە دەبینم دەزانم ئێمە چەندە بێبەشین لە خزمەتگوزاری، کوردستان ھەر ئاوەدان بێت".

گەشتیارێکی دیکە بەناوی عیسا شەمەری بۆ کوردستان، گوتی: " کوردستان ئاوەدانە و بەشێکە لە ئەمن و ئاسایش خودا بە خەڵکەکەی داوە، لە کەشوھەوا خۆشەکەی، ئەو ئارامییە کە سەرچاوەی ژیانە، سوپاستان دەکەین کە ھەمیشە دەرگاتان بۆمان کراوەیە، خەڵکی کوردستان و خاکەکەی ھەر پارێزراوبن، ئێوە وڵاتێکی جوان و رەنگینتان ھەیە، ئێمە لێرە ئاسوودەین".

دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان جگە لەو پلانانەی کە ئەمساڵ جێبەجێی دەکات لە کردنەوەی شوێنی گەشتیاری نوێ و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، ئامادەکارییەکانی بۆ ساڵی 2023 دەستپێکردووە، کە ئامادەکردنی یاسای گەشتوگوزار و ئەنجامدانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی وەبەرھێنانی گەشتیارییە.

ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ی راگەیاند: "پلانێکی هەشت ساڵیمان داناوە و لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران پلانەکەمان راگەیاندووە، باسی کەموکوڕییەکانمان کردووە، ئەوەشمان خستووەتەڕوو چۆن بتوانین کوردستان بخەینە سەر نەخشەی جیهانی گەشتوگوزاری".