مەسرور بارزانی 420 شوققە بەسەر کەسوکاری شەهیدان دابەش دەکات

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 420 یەکەی نیشتەجێبوون لە دهۆک بەسەر کەسوکاری شەهیدان دابەش دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی ئەیلوول، کاتژمێر 10:00 لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا کە لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی رێکخراوە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری دھۆک چوارسەد و بیست ئەپارتمانت (شوققە) بەسەر کەسوکاری شەهیدانی کوردستان دابەش دەکات.

پڕۆژەکە بەناوی یەکەی نیشتەجێبوونی رۆژستیی، لە سەنتەری شاری دهۆک دەکەوێتە سەر شەقامی گشتی ماڵتا، کە بە یەكێک لە باشترین شوێنەکانی نیشتەجێبوون لە شاری دهۆک دادەنرێت.

ئەم پڕۆژەیە لە 25 باڵەخانە پێکدێت، کە دیزاین و شێوازێکی سەردەمیانە و تەواوی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانەوە بنیادنراوە.

پڕۆژەی نیشتەجێبوونی رۆژ ستی بە کوالێتییەکی بەرز و ستانداردی تەلارسازی مۆدێرن  لەسەر رووبەری 25 دۆنم زەوی بونیاتنراوە، کە دەکاتە 62 هەزار و 800 مەتر دووجا.

هەر یەكێک لە باڵەخانەکان 20 نهۆمە و کۆی شوققەکانی هەر 25 باڵەخانەکە، لە هەزار و 880 شوققە پێکدێن و رووبەری هەر شوققەیەکیش 160 بۆ 168 مەتر چوارگۆشەیە .

لەناو پڕۆژەکەدا بایەخێک تایبەتدراوە بە دروستکردنی قوتابخانە، نەخۆشخانە، مزگەوت، مۆڵ و بازاڕ، هۆڵی وەزرشی، هێڵی گواستنەوە و چێشتخانەش هەن، بەمەش تایبەتمەندیی شارێکی سەربەخۆی هەیە.

بەشێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی شوققەکان بوونی کارەبای 24 کاتژمێری و پاککردنەوەی بەردەوام لەگەڵ سیستمی کامێرای چاودێرییە، هەروەها سیستمی فێنککەرەوەی ناوەندی و شۆفاژ دانراوە و پەنجەرەکانیش بە دەبڵ جام رووپۆشکراون.

هەرچەندە پڕۆژەیەکی کەرتی تایبەتە، بەڵام دەزگای خێرخوازی بارزانی لەم پڕۆژەیەدا خاوەنی 425 شوققەیە، کە بە سەر هەر 25 باڵەخانەکانی پڕۆژەکە دابەشبوون، بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، دەزگای خێرخوازی بارزانی شوققەکانی دەبەخشێتە خانەوادە و کەسوکاری شەهیدان.