سوپای پاسداران هەڕەشەی بەردەوامیی هێرشەکان دەکات

کەمپی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
کەمپی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

K24 – هەولێر

سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی راگەیاند و هەڕەشەی بەردەوامیی هێرشەکانی کردووە.

سوپای پاسداران ئەمڕۆ (چوارشەممە 28ـی ئەیلول) لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنەکان تا لەناوبردنی هەڕەشە و بارەگای گرووپە تیرۆریستییەکان و پابەندی بەرپرسانی هەرێم بە بەرپرسیارێتیان، بەردەوام دەبن".

لەو بەیاننامەیەدا، باس لە کاریگەریی حزبەکانی رۆژهەڵات لە ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کراوە و هاتووە، "لەشکری حەمزەی هێزی وشکانی سوپای پاسداران، هێرشی تۆپخانەیی و درۆنی چڕی کردە سەر بارەگای دوژمنانی نەتەوە".

ئەمڕۆ بارەگا و کەمپی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلی حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە،  کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە پردێ، بوونە ئامانجی هێرشی درۆنی و تۆپخانەیی ئێران.

بە پێی ئامارە سەرەتاییەکان بە هۆی ئەو هێرشانەوە تا ئێستا نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 25 کەسیش بریندارن.