كۆشكی سپی له‌سه‌ر بۆردومانه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هاته ده‌نگ
K24 – هه‌ولێر:
كۆشكی سپی ئه‌مه‌ریكا به توندی ئیدانه‌ی بۆردومانه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و به په‌لاماردانی سه‌روه‌ری عێراق و گه‌له‌كه‌ی وه‌سفی ده‌كات.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه (28ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، له به‌یاننامه‌یه‌كدا، جاك سولیڤان، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا به توندی ئیدانه‌ی هێرشه‌كانی ئێرانی بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرد و پشتیوانی واشنتنیشی بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپاتكرده‌وه.
راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا، ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، تاران ناتوانێت سه‌رنج له‌سه‌ر كێشه ناوخۆییه‌كان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی به هێرشكردن له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی، لابدات.
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه، كۆشكی سپی به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر سه‌پاندنی سزاكان له‌سه‌ر تاران، بۆ راگرتنی جموجۆڵه‌كانی ئه‌و وڵاته له تێكدانی ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچه‌كه.
سولیڤان جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكردووته‌وه، رێزگرتن له سه‌روه‌ری و په‌كپارچه‌یی وڵاتانی دراوسێ له بنه‌ما جێگیركراوه‌كانی په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه.
ئەمڕۆ چوارشەممە (28ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، بارەگا و کەمپی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلی حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە پردێ، بوونە ئامانجی هێرشی درۆن و تۆپخانەكانی ئێران.
به‌گوێره‌ی دواهه‌مین ئاماری وه‌زاره‌تی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، له ئه‌نجامی تۆپبارانه‌كانی ئه‌مرۆدا، نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە و 32 كه‌سی دیکەش برینداربوونە.