دژه‌ تیرۆری كوردستان: سوپای پاسداران بە چوار قۆناغ هێرشی مووشەکی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام داوه‌

لۆگۆی دژه‌ تیرۆری كوردستان
لۆگۆی دژه‌ تیرۆری كوردستان

K24  - هه‌ولێر:

دژه‌ تیرۆری كوردستان رایگه‌یاند، سوپای پاسدارانی ئێران بە چوار قۆناغ هێرشی مووشەکی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام داوه‌،  بەوهۆیەوە تاوه‌كو ئێستا 13 کەس گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 58 کەسی دیکەش بریندار بوونه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 28ـی ئه‌یلوولی 2022، دژه‌ تیرۆری كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند: بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی ئەیلوولی 2022 کاتژمێر 10:15ی پێشنیوەڕۆ، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە چوار قۆناغ زنجیرە هێرشێکی لە ڕێگەی مووشەکی بالیستیکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە بۆ سەر هەریەکە لە بارەگاکانی پارتی ئازادیی کوردستان لە پردێ، قەڵای دیموکراتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری کۆیە، بارەگای کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سلێمانی، کەمپەکانی نیشتەجێبوونی کوردەکانی ڕۆژهەڵات لە زڕگوێز، زڕگوێزەڵە و بانەگەورە لە پارێزگای سلێمانی و کەمپەکانی ئازادی و قەڵا و ئەمیرییە لە کۆیەی کردە ئامانج.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: ئەوەی زانراوە ‌لە هێرشەکاندا زیاتر لە 70 مووشەکی بالیستیکی جۆری فاتح و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو لەناو خاکی ئێرانەوە بە چوار قۆناغ ئاراستە کراون، قۆناغی یەکەم، تەنها لە رێگەی مووشەکی بالیستیکی، قۆناغی دووەم، ‌‌بە مووشەکیی بالیستیکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو، قۆناغی سێیەم‌، مووشەکی بالیستیکی بە هاوکاری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چاودێری و قۆناغی چوارەم تەنیا لە ڕێگەی مووشەکی بالیستیکییەوە بووە.

ئاماژبه‌ش به‌وه‌دراوه‌، ئەوەی تا ئێستا زانراوە هێرشەکان لە ناوچەی سەلاسی باوەجان لە پارێزگای کرماشانی هاوسنووری پارێزگای هەڵەبجە، ناوچەی سەردەشت لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوای هاوسنوور لەگەڵ ئیدارەی ڕاپەڕینەوە ئاراستە کراون و تێیدا شوێنە گشتییەکانی وەک باخچەی ساوایان، قوتابخانە، بنکەی تەندروستی، نەخۆشخانە، هۆڵی بۆنە و ئاهەنگ و ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری و ماڵی هاووڵاتییانی سڤیل کراوەتە ئامانج.

دژه‌ تیرۆری كوردستان ده‌شڵێت: بەهۆی ئەو هێرشانەوە تا ئێستا 13 کەس شەهید بوون کە لەنێویاندا ئافرەتی دووگیان هەیە و، 58 کەسی دیکەش برینداربوون کە زۆرینەیان هاووڵاتیی سڤیلن و لەنێویاندا منداڵی خوار تەمەن 10 ساڵ و قوتابی و مامۆستا و ڕۆژنامەوان هەن. هاوکات فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دیکەی ئێرانی، لە سنووری شاری کۆیە پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەکەی کەوتووەتە خوارەوە.