لەکاتی دابەشکردنی مووچە لە چەمچەماڵ شەڕە تەقە لە نێوان چەند پێشمەرگەیەکدا دروستبوو

K24 - سلێمانی:
لەکاتی وەرگرتنی مووچەدا، لە بانکی چەرمووی چەمچەماڵ، شەڕە تەقە لە نێوان ژمارەیەک پێشمەرگەدا دروستبوو، بەوهۆیەوە چەند فیشەکێک بەر بینای بانکەکە کەتووە و دابەشکردنی مووچە راگیرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە (29ی ئەیلوولی 2022) لە بانکی چەرموو لە قەزای چەمچەماڵ، لەکاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی هێزەکانی پێشمەرگەدا، چەند ئەفسەر و پێشمەرگەیەک بووەتە شەڕیان و لە ئەنجامدا تەقەیان کردووە و چەند فیشەکێک بەر بینای بانکی چەرموو کەوتووە، بەڵام رووداوەکە زیانی گیانی نەبووە.
دوو بەرپرسی فەرمانگەکانی قەزای چەمچەماڵ کە پۆستی ئەمنی و ئیدارییان هەیە و پێیان باش نەبوو ناویان بڵاوبکرێتەوە، بە کوردستان 24یان گوت "هێزە ئەمنییەکان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و ئەو پێشمەرگانەیان دەستگیرکردووە، کە شەڕەکەیان ئەنجامداوە و دابەشکردنی مووچەش لە بانکەکەدا راگیراوە".
بەگوتەی سەرچاوەکان، دۆخەکە کۆنترۆڵکراوە و بەرپرسانی بانکەکەش بۆ دەستپێکردنەوەی دابەشکردنی مووچە، چاوەڕێی بڕیاری سەرووی خۆیان دەکەن.