وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ ئێران: رێز لە سەرەوەری عێراق و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بگرە

دژی بۆردمانەکان وەزارەتی دەرەوەی عێراق یاداشتێکی ناڕەزایەتی دایە ئێران
وەزارەتی دەرەوەی عێراق
وەزارەتی دەرەوەی عێراق

K24 - سلێمانی:

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، باڵیۆزی ئێرانی لە بەغدا بانگێهێشتکرد و یاداشتێکی ناڕەزایەتی دایە، لەسەر ئەو هێرشانەی ئێران کردوویەتیە سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان، کە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی تێدایە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (29ی ئەیلوولی 2022) لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا ئاماژە بەوەدراوە، کە محەمەد کازم ئەلسادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کراوە و لەلایەن ئیحسان عەوادی سەرۆکی فەرمانگەی وڵاتانی دراوسێ، یاداشتێکی نارەزایەتی عێراقی دراوەتێ، چونکە بەهۆی تۆپباران و بۆردومانکردنی چەند ناوچەیەک بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، چەند کەسێک گیانیان لەدەستداوە و ترس و دڵەڕاوکێ بڵاوبووەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە یاداشتەکەدا هێرشەکانی ئێران، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئیدانەکراوە و داواکراوە ئێران رێز لە سەروەری خاکی عێراق بگرێت.

هەروەها عێراق داوایکردووە، ئێران پابەندبێت بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانەوە و بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکان، رێگەی سەربازی نەگرێتەبەر و چەک بەکارنەهێنێت، هۆشداری ئەوەشیداوە، کە بەکارهێنانی هێز دەبێتە هۆی تێکدانی ئاشتی و سەقامگیری هەردوولا.

رۆژی چوارشەممە (28ی ئەیلوولی 2022) سوپای پاسدارانی ئێران، لە رێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە ناوچەکانی (زڕگوێز، کۆیە و پردێ)ی بۆردوومانکرد و بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی، بەهۆی ئەو بۆردومانانەوە 13 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 60 کەسیش برینداربوون.

لەبارەی هێرشەکانیانەوە، محەمەد پاكپوور، فەرماندەی ھێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت |هێرشەکان لە رێگەی 73 مووشەكی بالستی و دەیان فڕۆكەی بێفرۆكەوانی بۆمبرێژكراوەوە بووە، توانیومانە لەو هێرشانەدا 42 ئامانج بپێکین".