وەزیرى خوێندنى باڵا سه‌ردانی دامەزراوە زانستییەکان و زانکۆکانى ئه‌مه‌ریكا ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
له ئه‌مه‌ریکا وەزیرى خوێندنى باڵا و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، تاووتوێی هەنگاوەکانى ریفۆرم لە کەرتى خوێندنى باڵاى کوردستانیان كرد و له رۆژانی داهاتووش وەزیرى خوێندنى باڵا سه‌ردانی دامەزراوە زانستییەکانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات.
وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا هاتووه: ئارام محه‌مه‌د قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سەردانى نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانى لە واشنتن کرد و لەلایەن بەیان سامی عه‌بدولڕه‌حمان نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە واشنتۆن، گفتوگۆیان له‌باره‌ی په‌ره‌پێدانی كه‌رتی خوێندنی باڵا و سوود وه‌رگرتن له ئه‌زموونی ئه‌مه‌ریكا كرد.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا تیشکى خستە سەر هەنگاوەکانى ریفۆرم لە کەرتى خوێندنى باڵاى کوردستان، بە تایبەت بەستنەوەى ناوەرۆکى پرۆگرامەکانى خوێندن بە بازاڕى کار، پەرەپێدانى خوێندنى تەکنیکى، پیشەیى، بەهێزکردنى پەیوەندى نێوان ئەکادیمیا و ناوەندەکانى خوێندن لە کوردستان.
هەروەها پرسى ریفۆرمى سیستمى وەرگرتن لە زانکۆکانى کوردستان، دروستکردنی پێوەر بۆ پەرەپێدانى کوالێتی خوێندن، بەشێکى دیکەى گوتەکانى وەزیرى خوێندنى باڵا بوو.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، هاتووین تا پەرە بە پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمییەکانى هەرێمەکەمان لەگەڵ دامەزراوە زانستییەکان و زانکۆکانى ئەم وڵاتە بدەین، بۆ ئەمەش لەگەڵ زانکۆکان، بەرپرسانى حکومى، سه‌نته‌ره‌كانی توێژینەوە، لێپرسراوانى پەروەدەیى، دەزگاکانى دڵنیایى جۆرى و متمانە بەخشین لە ئەمه‌ریکا کۆدەبینەوە، بۆ ئەوەى هاوکارمان بن لە پرۆسەى ریفۆرم و چاکسازى لە کەرتى خوێندنى باڵاى کوردستان.
لە بەرامبەردا بەیان سامی عه‌بدولره‌حمان نوێنەری حکومەتی هەرێمى کوردستان لە واشنتن، دەستخۆشی لە هەوڵەکانی وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد، بۆ باشترکردنی بەرنامە و سیستمی خوێندنی لە هەرێمى کوردستان.
هیواشی خواست لە ماوەى مانەوەیان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمه‌ریکا سوود لە توانا و ئەزموونی زانکۆ و کۆلێژەکانی ئەمه‌ریکا و دامەزراوەکانی خوێندن و سیستمى خوێندن لەو وڵاتە وەربگرن.