قائیمقامیەتی قەزای سەیدسادق سێ رۆژ ماتەمینی راگەیاند

"ئەمڕۆ لە رووداوێکی هاتوچۆدا پێنج پێشمەرگەی قەزاکەمان گیانیان لەدەستدا"
تەرمی ئەو پێنج پێشمەرگەیەی ئەمڕۆ لە رووداوێکی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستدا
تەرمی ئەو پێنج پێشمەرگەیەی ئەمڕۆ لە رووداوێکی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستدا

K24 - هەولێر:

قائیمقامیەتی قەزای سەیدسادق رایگەیاند، بەهۆی گیانلەدەستدانی پێنج پێشمەرگەی قەزاکەیانەوە لە رووداوێکی هاتوچۆدا، بۆ ماوەی سێ رۆژ ماتەمینی رادەگەیەنن.

ئەمڕۆ شەممە (1ی تشرینی یەکەمی 2022) لە راگەیەندراوێکیدا قائیمقامیەتی قەزای سەیدسادق دەڵێت "بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە سەر لە بەیانی ئەمڕۆ هەواڵی ڕووداوێکی دڵتەزێنمان پێگەشت، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی پێنج پێشمەرگە و ڕۆڵە و دانیشتوانی قەزاکەمان، لە ناخەوە دڵتەنگ و خەمباری کردین، داواکارین لە خودای گەورە کۆچکردوان بە بەهەشتی خۆی شادبکات و سەبووری بە ئێمە و بنەماڵە بەڕێزەکانتان بدات".

قائیمقامیەتی سەیدسادق باسی لەوەشکردوە، کە "بەم بۆنە خەمناکەوە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە قەزای سەیدسادق ماتەمینی ڕادەگەیەنین".

هەروەها فەریق عیسا عوزێر، سەرۆک ئەرکانی هێزەکانی پێشمەرگە، پرسەنامەیەکی بنەماڵەی ئەو پێشمەرگانەی لیوای پێنجی پیادە کردووە، کە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، کە بریتین لە:-

١. تاهیر کاکەوڵا

٢. جەمال جەلال

٣. ئەردەڵان جەمال مەجید

٤. توانا نەسرەدین

٥. سەروەر ئەنوەر مەحمود

لەسەر رووداوەکە، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی دەربەندیخان دەڵێت، رووداوەکە لە نزیک گوندی حەسەن گەورە بووە لە نێوان دەربەندیخان – زەڕایەن، لە نێوان ئۆتۆمبیلێکی جۆری توێتاکراون (کە بەمەلیکە ناسراوە) لەگەڵ بارهەڵگرێکدا، هۆکاری رووداوەکەش تێپەڕاندنی هەڵەبووە.