پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی پەردە لەسەر چەند نهێنییەک لادەدات

"بەپێی قسەی بەرپرسانی پزیشکی داد، رەنگە هۆی مردنی ژینا دیاری نەکرێت"

K24 – هەولێر

ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، بەشێک لە قسەکانی فەرماندەی پۆلیسی تاران رەتدەکاتەوە و ئاشکرای دەکات، لەسەر جلوبەرگی ئەو پۆلیسانەی ژینایان دەستگیرکردووە، کامێرای چاودێری هەبووە.

ساڵح نیکبەخت، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ژمارەی رۆژی یەکشەممەی (دووی تشرینی یەکەم) رۆژنامەی (ئیعتیماد) دەڵێ: لەسەر جلوبەرگی ئەو پۆلیسانەی هەر لە سەرەتاوە ژینایان دەستگیرکردووە، کامێرای لێبووە. تەنانەت پۆلیسەکان کاتێک ژینایان گرتووە، بە کچەپوورەکەیان گوتووە، لاچوو با لە کامێرای ئێمە دەرنەکەوی".

پێشتر حوسێن رەحیمی، فەرماندەی هێزی ئینتیزامی تاران، لەبارەی کوژرانی ژیناوە گوتبووی، "پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی کامێرای پێیە، بەڵام لەو رووداوەدا کامێرایان پێنەبووە".

ژینا ئەمینی لەو کاتەیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ تاران گەشتی کردبوو، رۆژی 13ـی ئەیلول بە تۆمەتی رەچاونەکردنی باڵاپۆشی لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتییەوە دەستگیرکراو سێ رۆژ دواتر لە نەخۆشخانەی تاران، گیانی لەدەستدا. رۆژی 17ـی مانگ، تەرمی ژینا لە زێدی خۆی (سەقز) بە خاکسپێردرا و لەو رۆژەوە تا ئێستا، خۆپێشاندان بۆ سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی، لە زۆربەی شار و شارۆچکەنای ئێران و وڵاتانی دیکە بەردەوامە.

ساڵح نیکبەخت، هەروەها رایگەیاندووە، "کاری گرنگ ئەوەیە کە فیلمی ناو ئۆتۆمبێل، کامێرای سەر سنگی ئەو پۆلیسەی ژینای گرتووە، شەقامی وزەرا و ناو بنکەی پۆلیس، بە یەکەوە نیشان بدرێن".

پێشتر پۆلیسی تاران فیلمیکی لەبارەی چۆنییەتی گرتنی ژینا ئەمینی بڵاوکردەوە و دووپات لەوە کراوە کە "بە هیچ شێوەیەک توندوتیژی بەرامبەر بە ژینا نەکراوە".

بنەماڵەی ژینا ئەمینی ناوەڕۆکی فیملەکە رەتدەکەنەوە و پێیانوایە فیلمەکە پچڕانی زۆری تێدایە.

فەرماندەی هێزی ئینتیزامی تاران لەبارەی ئەو فیملەوە رایگەیاندبوو، "فیلمەکە سی خوولەکە و هەر لەبەر ئەوەش نەتواندراوە بە تەواوی بڵاوبکرێتەوە".

ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی
ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی

پێشتر باوکی ژینا ئەمینی سەرلەبەری قسەکانی فەرماندەی هێزی ئینتیزامی تارانی رەتکردبووەوە و گوتبووی، "لەوە ناڕەحەتم کە رۆژانە بەرپرسانی ئێران، درۆ لەبارەی کچەکەمەوە بڵاودەکەنەوە".

پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پزیشکی داد، رایگەیاندووە، "هەندێ لە پزیشکانی داد زۆر لەسەر ئەوە سوورن هۆی مردنی ژینا بۆ زەبر گەیشتن بە کەلـلەسەری نەگەڕێننەوە".

ئەو، دووپاتیکردووەتەوە: بە بڕوای من و پزیشکانی ناودار و خەڵکانی ئاگادار، ژینا پێش لە گواستنەوەی بۆ بنکەی پۆلیس و لە کاتی دەستبەسەربوونی لە بنکەکە، لێی دراوە.  

ساڵح نیکبەخت، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمیسیۆنی پزیشکیی پزیشکی دادی تاران، بە رادیۆ فەردای گوتووە، "بەپێی قسەی بەرپرسانی پزیشکی داد، رەنگە هۆی مردنی ژینا دیاری نەکرێت".