وەزارەتی دەرەوەی ئێران: مافی دراوسێیەتیمان لەگەڵ عێراق لەبەرچاو گرتووە

"نابێت خاکی عێراق بۆ هێرشکردنەسەر ئێران بەکاربهێندرێت"
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە تاران رایگەیاند، بەشێك لە میدیاکان خەڵکی هان دەدەن هەڵبکوتنە سەر دامەزراوەکان.

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەیدا گوتی: نابێت خاکی عێراق بۆ هێرشکردنەسەر ئێران بەکاربهێندرێت.

کەنعانی جەختی لەوەکردەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی و بەرگری لەخۆی لەسەر بنەمای مافی نێودەوڵەتی کاری کردووە.

ئەم قسانەی کەنعانی لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێرشە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە بێ "پاساو" لەقەڵەم دەدەن و بە پێشێلکردنی سه‌روه‌ری و سه‌قامگیری عێراقی و یاسا نێودەوڵەتییەکانی دادەنێن و داوای وەستاندنی دەکەن.

لەبارەی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، کەنعانی ئەوەی خستەڕوو، "مافی دراوسێیەتیمان لەگەڵ عێراق لەبەرچاو گرتووە، گفتووگۆمان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە و پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵیان هەیە".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، بەشێك لە میدیاکان ژووری ئۆپەراسیۆنن نەك رۆژنامەوانی، ئەوان هانی خەڵکی دەدەن هەڵبکوتنە سەر دامەزراوەکان.

رۆژی 28ـی ئەیلول، بنکە و بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە دەوروبەری سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە نزیک پردێ، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە هێرشیان کرایەسەر، لەئاکامی هێرشەکاندا 18 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکەش برینداربوون.

دوای چەند کاتژمێرێک لەو رووداوە، سوپای پاسدارانی ئێرانی بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە راگەیاند.

بە پێی لێدوانی محەمەد پاكپوور، فەرماندەی ھێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران، هێرشەکە لە رێگەی 73 موشەكی بالستی و دەیان فڕۆكەی بێفرۆكەوانی بۆمبرێژكراوەوە بووە و "توانیومانە 42 ئامانجی خۆمان بپێکین".

لەلایەکی دیکەوە، راگه‌یاندنی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی کۆمه‌ڵه‌ (رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)، راگه‌یه‌ندراوێكی له‌ باره‌ی هێرشی مووشه‌كی و بۆردومانی باره‌گای لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، هاتووه‌: "رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە توانایدا نییە راپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران خامۆش بکات، هەربۆیە بە ئامانجی لادانی سەرنج لەسەر دیمەنی شکۆداری ئاخێزی خەڵک لە شەقامەکانی کوردستان و ئێران و راکێشانی سەرنجەکان بەرەو دەرەوەی سنوورەکان، لە کاتژمێر 10 و 30ی خولەکی سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە 6ی رەزبەر، بنکە و بارەگای لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانی، لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندا، کردە ئامانجی هێرشی مووشەکی و پەهبادی".