لە چەند رۆژی داهاتوودا ناوی وه‌رگیراوان له زانكۆ و په‌یمانگا‌كان رادەگەیه‌نرێت
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، سه‌رجه‌م ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ پێشوازیكردن له ده‌رچووانی پۆلی 12ی ئاماده‌یی ته‌واوكردووه و له چه‌ند رۆژی داهاتوودا ناوی وه‌رگیراوان له زانکۆ و پەیمانگاكانی هه‌رێمی كوردستان رادەگەیه‌نێت.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (4ی تشرینی دووه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، د. عه‌بدولفه‌تاح عه‌بدولڕە‌زاق، بریكاری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری راگه‌یاندووه، كورسی خوێندن بۆ هه‌موو ده‌رچووان دابین كراوه.
بریكاری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، بۆ ئه‌مساڵی خوێندن ته‌واوی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ پێشوازیكردن له ده‌رچووانی پۆلی 12ی ئاماده‌یی ئه‌نجامدراوه و دوای ته‌واوبوونی كاروباره‌كانی دابه‌شكردنی ده‌رچووان به گوێره‌ی كۆنمه‌ركانیان له رێگه‌ی سیسته‌می زانكۆلاینه‌وه، له چه‌ند رۆژی داهاتوودا، ئه‌نجامه‌كه‌ی راده‌گه‌یه‌نرێت.
هه‌روه‌ها گوتیشی،ساڵی رابردوو ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ره‌زامه‌ندیدا له‌سه‌ر دابینكردنی بڕی، 7 ملیار و 250 میلۆن دینار بۆ نۆژە‌نكردنه‌وه‌ی به‌شه ناوخۆییه‌كان و پاڵپشتیی دارایی خوێندكاران، بۆ ئه‌مساڵی خوێندنیش هه‌وڵی ته‌واو دراوه بۆ هه‌مان مه‌به‌ست.
سەبارەت بە داشكاندنی كرێی خوێندنی ئێواران، پارالێل و خوێندنی تایبه‌ت بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا‌و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، هاوشێوه‌ی ساڵی رابردوو كه به‌گوێره‌ی ریزبه‌ندی زانكۆ تایبه‌ته‌كان به رێژه‌ی 10% بۆ 20% داشكاندن له كرێی خوێندن كرا، هه‌روه‌ها له زانكۆ حكومییه‌كان، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، ره‌زامه‌ندیدا له‌سه‌ر داشكاندنی كرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران به‌رێژه‌ی 45%، بۆ ئه‌مساڵی خوێندنیش به‌رده‌وام بێت.
د.عه‌بدولفه‌تاح عه‌بدولڕە‌زاق، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه، له داهاتوویه‌كی نزیكدا، ده‌رگای پێشكه‌شكردن بۆ خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرا له زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێته‌وه، كه داوی په‌سه‌ندكردنی رێنماییه‌كان، له ئێستادا سه‌رقاڵی وردبینی كردنن له كورسییه‌كانی خوێندنی باڵا، كه له‌لایه‌ن به‌شه زانستییه‌كانی زانكۆكانه‌وه پێشنیازكراوه.