هەزار سینەماکاری فەرەنسی پشتگیریان لە خۆپێشاندەرانی ئێران کرد

K24 – هەولێر

زیاتر لە هەزار سینەماکاری فەرەنسی کە تەواوی کەسانی دیاری سینەمای ئەو وڵاتەیان لەناو دایە، لە بەیاننامەیەکی کراوەدا پشتگیریان لە خۆپێشاندەرانی ئێرانی کرد.

ئەو هونەرمەندانە هیوادارن ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییە، "دەستپێکی سەردەمێکی نوێ لە ئێران" بێت. ئەوان نووسیان: درووشمی ژن، ژیان، ئازادی، دروشمی ئێمەشە.

لێئا سیدۆ، ماریۆن کوتیارد، ئیزابێل هوپێر، ئالیس دیوپ، ژولیێت بینۆش، میشێل هازاناویسۆس، جولیا دوکونارۆ، ئادری دیوان و ژاک ئودیار، چەند سینەماکارێکی ناوداری فەرەنسان کە بەیاننامەکەیان واژوو کردووە.

ئەو هەڵوێستەی سینەماکاری فەرەنسی هاوکاتە لەگەڵ زیاتربوونی فشاری ناوەندە نێودەوڵەتییەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کۆتاییهینان بە بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپێشاندەران.

کاترین کۆلۆنا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، رۆژی سێشەممە (چواری تشرینی یەکەم) ئاشکرای کرد کە یەکێتی ئەوروپا هەوڵ بۆ بلۆکەکردنی سامان و قەدەغەی گەشتی ژمارەیەک بەرپرسی ئێرانی دەدات کە رۆڵیان لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەراندا هەبووە.

ئەو، بە ئەندامانی پەرلەمانی فەرەنسای گوت: هەوڵەکە روو لەو کەسایەتییانەی رژێمی سەرکوتکاری ئێرانە لە منداڵەکانیان بۆ ژیانکردن، دەنێرنە ئەوروپا.

20 رۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە کوژرانی ژینا ئەمینی کە لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تارانەوە دەستبەسەرکرابوو، تێدەپەڕێت. خۆپێشاندانەکان لەو ناو ئێران بەردەوامن و ئێستا بە شێوەیەکی فراوانتر زانکۆ و قوتابخانەکانی گرتووەتەوە.

زۆربەی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان، توندوتیژیان لێکەوتووەتەوە و بە پێی دوائاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، تا ئێستا بەلانی کەمەوە 154 خۆپێشاندەر گیانیان لەدەستداوە.