سادق زیباکەلام: سیستەمێکی حوکمڕانیمان هەیە کە هیچ دامەزراوەیەکی سەربەخۆی ناوێت

مامۆستایانی زانکۆی تاران پێیانوایە سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان "کارێکی بێسوودە"
سادق زیباکەلام
سادق زیباکەلام

K24 – هەولێر

لە کۆبوونەوەیەکی مامۆستایانی زانکۆی تاران، محەمەد جەواد زەریف، سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێران دووپاتی کردەوە، "هەڵەیە ئەگەر پێمانوابێت دەتوانین خەڵک لەبەر چاو نەگرین". هەروەها سادق زیباکەلام، پێیوایە "گەورەترین کێشە، بوونی سیستەمێکی حوکمڕانی و حکومەتێکە کە بە هیچ شێوەیەک دامەزراوەی سەربەخۆی ناوێت".

لە کۆبوونەوەیەکی دەگمەنی زانکۆی تاراندا، مامۆستای کۆلێژەکانی ئەو زانکۆیە قسەیان لەبارەی خۆپێشاندانەکان و دژایەتی خەڵک لەگەڵ باڵاپۆشی زۆرەملێ کرد.

لە ڤیدیۆیەکدا کە ماڵپەڕی (جەماران) نزیک لە بنەماڵەی ئایەتوڵا خومەینی بڵاوی کردووەتەوە، زۆربەی مامۆستایان رەخنەیان لە دۆخی ئێستای ئێران هەیە و پێیانوایە سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان "کارێکی بێسوودە".   کۆبوونەوەکە رۆژی یەکشەممە (دووی تشرینی یەکەم) بەڕێوەچووە.

سادق زیباکەلام، مامۆستای زانکۆ تاران، لە قسەکانیدا رەخنە لە سیستەمی حوکمڕانی دەگرێت و دەڵێ: ئێمە حکومەت و سیستەمێکی حوکمڕانیمان هەیە کە هیچ دامەزراوەیەکی سەربەخۆی ناوێ، لە راستیدا ئەمەیە کە دەبێت بە شێوەیەک چارە بکرێت".

کۆبوونەوەی مامۆستایانی زانکۆی تاران
کۆبوونەوەی مامۆستایانی زانکۆی تاران

مەهدی سەنایی، باڵیۆزی پێشووی ئێران لە مۆسکۆ و ئەندامی ئەنجوومەنی زانستی کۆلێژی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی تاران، ئاماژە بە "هەڵکشانی بێمتمانەیی بە حکومەت و بێهیوایی لە کاریگەربوونی سیستەم"، دەکات.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران و ئەندامی ئەنجوومەنی زانستی کۆلێژی لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکان و غولامعەلی حەدادی عادل، مامۆستای کۆلێژی ئەدەبیات و زانستە مرۆییەکانی زانکۆی تاران، لە کۆبوونەوەکەدا رەخنەیان لە سیاسەتی وڵاتانی دیکە گرتووە.

هەروەها محەمەد جەواد زەریف، گوتی: هەڵەیە ئەگەر پێمانوابێ دەتوانین خەڵک لەبەر چاو نەگرین. خوا بە پێغەمبەری گوتووە کە ناتوانی بە بەکارهێنانی توندوتیژی خەڵک بپارێزی، کەوایە ئەمە خەیاڵە ئەگەر پێمانوابێت دەتوانین بە بەکارهێنانی توندوتیژی خەڵک بپارێزین.

مەبەستی وەزیری پێشووی کاروباری دەرەوەی ئێران لەو قسەیەی، شێوەی کاری پۆلیسی ئاسایسی کۆمەڵایەتی وڵاتەکەیەتی کە یاسا و رێسای توندی بۆ سەپاندنی باڵاپۆشی گرتووەتەبەر و ئەمەش ناڕەزایی زۆربەی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.

ژینا ئەمینی، کچەکە ٢٢ ساڵانەکەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش، هەر لە لایەن ئەو پۆلیسەوە دەستبەسەر کرا و مردنیشی، کاردانەوەی ناخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە.