ئەردۆغان: پرسێکمان نییە بەناو " پرسی کورد"

K24 – هەولێر

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند: لە تورکیا پرسێکمان نییە بەناوی "پرسی کورد".

ئەردۆغان، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی حزبەکەی، پارتی داد و گەشەپێدان ( ئاکپارتی) لە پەرلەمانی تورکیا، گوتی: "ئێمە لە تورکیا پرسێکمان نییە بەناوی پرسی کورد، لە کابینەکەی مندا دوو هاوڕێ کوردمان هەیە و وەزیرن".

سەبارەت بە داوای کەمال کڵچدار ئۆغڵو سەرۆکی جەهەپە، کە گوتبووی پێویستە بە یاسا سەرپۆشی (حیجاب) لە تورکیا ئازاد بکرێت و خەڵک ئازادبێت، ئەردۆغان لە وەڵامدا دەڵێت: "ئەمڕۆ سەرپۆشی لە بەرنامەی کاری تورکیادا نەماوە، ئه‌وه‌ مافێكی سرووشتییه‌، بەشێوەیەکی گشتی پێویستە پۆشینی جۆری جلوبەرگ و بە تایبەتیش سەرپۆشی، نەکرێتە بابەتی یاسا و دەستوور".

ئەردۆغان، بۆ کڵچدار ئۆغڵو دەشڵیت: "دەمەوێت بە پێشنیازێکی دیکە وەڵامی بدەمەوە، گەر راستگۆیت و دڵسۆزیت و دەتەوێت بابەتی باڵاپۆشی کە مافێکی سەرەتایی مرۆڤە، بە تەواوی لە رۆژەڤ وڵات دەربهێنیت و بەڵێن دەدەیت لە چارەسەرکردنی ئەو بابەتە کە لەلایەن لاوانمانە و زۆر بە هەستیاری لێی دەڕوانرێت، وەرن ئەم کێشەیە لەسەر ئاستی دەستوور چارەسەر بکەین نەوەک پرۆژەیاسا".

رۆژی دووشەممەی رابردوو 3/10/2022، کەمال کڵچدارئۆغڵو، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا پێشنیازە یاسایەکی راگەیاند، کە ئازادیی باڵاپۆشی بە یاسا رێکدەخاتەوە. دواتر فراکسیۆنی جەهەپە پێشنیازە یاساکەیان پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا کرد.

پێشنیازەکەی کڵچدارئۆغڵو، وەکو بەکارهێنانی باڵاپۆشی بۆ هەڵبژاردنەکان لەقەڵەم درا، بەشێکیش پێیانوایە پێشنیازەکە بۆ بەلاوەنانی رۆژەڤی دیاریکردنی کاندیدی شەش لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکەی تورکیا بووە.