بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی کۆنفڕانسی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ بەڕێوەدەچێت

پلانی هەرێمی کوردستانی بۆ مافی مرۆڤ نەهێشتنی توندوتیژی، سوکایەتی و مامەڵەی نامرۆڤانە دەگرێتەوە
كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان
كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان

K24 - هەولێر:

بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەت رێوڕەسمی کۆنفرانسی تێپەڕبوونی یەک  ساڵ بەسەر جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی ئۆکتۆبەر، کاتژمێر 10:00 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، رێوڕەسمی کۆنفرانسی تێپەڕبوونی یەک ساڵ بەسەر پەسەندکردن و جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ بەڕێوەدەچێت.

لە 15 ـی 9 ـی 2021 حکومەت پلانی هەرێمی کوردستانی بۆ مافی مرۆڤ پەسەندکرد و، لە 31 ـی 5 ـی 2022 هەڵمەتی راگەیاندنی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوکرایەوە.

پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی بەردەستە و، 46 بەڕێوەبەری گشتی بۆ جێبەجێکردنی پلانی مافی مرۆڤ دەستنیشان کراون.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی بۆ جێبەجێ کردنی پلانەکە تەرخان کردووە و، تا ئێستا 20 وۆرکشۆپ و پانێڵ لەبارەی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافی مرۆڤ سازکراون، هەروەها 21 کۆبوونەوە و دیدار لەبارەی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافی مرۆڤ کراون.

پلانی هەرێمی کوردستانی بۆ مافی مرۆڤ لە 27 بەش پێکهاتووە و نەهێشتنی جیاکاری رەگەزی، توندوتیژی، سوکایەتی و مامەڵەی نامرۆڤانە دەگرێتەوە.

لەکۆی 389 راسپاردە کە ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون 179 جێبەجێکراون و ئێستا کار بۆ جێبەجێکردنی 210 راسپاردەی تایبەت بە پلانی مافی مرۆڤ دەکرێت.

هەرێمی کوردستان و بەریتانیا رێککەوتنیان بۆ پشتیوانی لە پلانەکە کردووە و رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەرپەرشتی پلانەکە دەکات.