بێرنارد هێنری لێڤی: هەرێمی کوردستان چارەسەرە بۆ کێشەی وزە لە ئەوروپا

"باشترین وەڵام بۆ هەڕەشەکانی سەر هەرێمی کوردستان یەکڕیزییە"
.
.

K24 - هەولێر

بێرنارد هێنری لێڤی دەڵێت، چارەسەر بۆ کێشەی وزە لە ئەوروپا هەرێمی کوردستانە و دەشڵێت، باشترین وەڵام بۆ هەڕەشەکانی سەر هەرێمی کوردستان یەکگرتوویی و یەکڕیزی ناوخۆییە.

 بێرناد هێنری لێڤی نووسەر و فەیلەسووفی بەناوبانگی فەرەنسی، لە دیداری پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئەمڕۆ شەممە (8/10/2022) لە هەولێر بەڕێوەدەچێت رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە بیری ئەرووپییەکانی بهێنێتەوە کە چارەسەر بۆ کێشەی وزە بریتییە لە هەرێمی کوردستان نەک شوێنێکی دیکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە وڵاتانی رۆژئاوا ستراتیژیان هەبێت بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان نەک رێککەوتنی یەک ساڵی و دابینکردنی بڕە پارەیەک بۆ مووچەی پێشمەرگە.

سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بێرناد هێنری گوتی: "هەرێمی کوردستان و عێراق ئەگەر نایانەوێت رووبەرووی کێشەی تاکتیکی و ریشەیی ببنەوە، دەبێت کێشەکانیان چارەسەر بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش دەتوانن داوا لە هاوپەیمانەکانیان بکەن نێوەندگیرییان بکەن.

هەر لە دیدارەکە ئەو فیلەسووفە فەرەنسییە ئەوەشی خستەڕوو، لە هەموو شوێنی رۆژهەڵاتی ناوەراست گلەیی لە کورد دەکرێت و بەردەوام بە کێشەکانی ئەوانی دیکە تۆمەتبار دەکرێن.

گوتیشی" برا کوردەکانی ئێران کە لە هەرێمی کوردستان پەناگەیەکیان پێدراوە، خەڵکانی سەلامەتن ساڵانێکی زۆرە ئێرانیان بەجێهێشتووە هیچ چالاکییەکیان نییە تەنیا ساڵی 2014 نەبێت شانبەشانی براکانیان لە کوردستانی عێراق شەڕی داعشیان کرد، بۆیە هیچ بیانوویەک نییە ئێران ئەوان بۆ دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنێت".

ئەو نووسەر و فەیلەسووفە فەرەنسییە پێیوایە: "هەرێمی کوردستان بەهۆی فرەیی سیاسیی، ئازادیی، رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و ئەو کەلتوری پێکەوەژیانیەی بۆ ئایننەکان تێیدا هەیە بووەتە نموونەیەکی جوان، بۆیە وڵاتانی ناوچەکە دەترسن بڵاوببێتەوە".

بێرنارد هێنری لێڤی جەختیکردەوە: "باشترین وەڵام بۆ هەڕەشەکان و ئەو هێرشانەی کە دەکرێتە سەرتان ئەوەیە پیشانی بدەن کە یەکگرتوون، کوردەکان دەبێت یەکگرتوو بن چونکە لەساڵی ٢٠١٧ باجێکی گەورەتان داوە بە هۆی نەبوونی یەکگرتوویی.

هەروەها دەشڵێت: " تا پێتان دەکرێت وەفا و دڵسۆزییتان بۆ ئەم وڵاتە پیشانبدەن، خەڵکی کوردستان گەورەترین قوربانی داوە لە مێژوودا و بەردەوام توانیوشتانە هەڵبستنەوە بۆیە من ڕەشبین نیم و باوەڕێکی قوڵم بە داهاتووی کوردستان هەیە.

بێرنارد هێنری لێڤی نووسەر و فەیلەسووفی فەرەنسی ساڵی ٢٠١٤ فیلمێکی لەسەر ئازایەتی پێشمەرگە دەرهێنا، فیلمەکە لە نەتەوەیەکگرتووەکان و لە کۆنگرێسی ئەمریکا نمایشکرا و خەڵاتی ئاشتی لە بەرلین بردەوە.