پۆلیسی گەرمیان دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری راگەیاند

"پلانی تاوانەکەیان لەسەر پەڕەیەك داڕشتبوو"
وێنەی تۆمەتبارەکان و پلانی تاوانەکەیان
وێنەی تۆمەتبارەکان و پلانی تاوانەکەیان

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، درەنگانێکی شەوی رابردوو ئاگادارکراونەتەوە لە حاڵەتێکی دزیکردن لە دوکانێکی جل و بەرگی پیاون لە گەڕەکی شەهیدانی قەزای کەلار.

مقەدەمی مافپەروەر عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاشکرایکرد، مەفرەزەکانی 104ی کەلار توانیان لە شوێنی رووداوەکە و لەکاتی دزیکردندا سێ تۆمەتبار دەستگیربکەن .

ئاماژەی بەوەشدا، تۆمەتباران لە نەتەوەی عەرەبن و پلانی تاوانەکەیان داڕشتووە و لەسەر پەڕەیەك نەخشەی کەلاریان کێشاوە و شوێنی مەفرەزەکانی پۆلیسی 104 و بنکەکانی پۆلیسان دەستنیشانکردووە.

گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان باسی لەوەشکرد، دوای ئەوەی تۆمەتباران رادەستی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان کران و دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیان دانیان بەتاوانەکەیاندا ناوە و لە ئێستادا بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی (444) بەندکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.