بەرپرسێکی ئێرانی: هیچ ویستێک بۆ چالاکی کۆمپانیا ئێرانییەکان لە سووریادا نییە

K24 – هەولێر

بە پێی قسەکانی ئیرەج رەهبەر، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەبەرهێنەرانی کەرتی بیناسازیی تاران، "گەرەنتی، گواستنەوەی پارە و کەلوپەلی بیناسازی"، هۆکاری سەرەکیی سەرکەوتوونەبوونی وەبەرهێنەرانی ئێرانییە لە سووریا و "هەر بۆیەش نە ئێرانییەکان و نە سوورییەکان حەزیان لە هاوکاری دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون نییە".

ئەو، بە ئاژانسی دەنگوباسی (ئیلنا) دەڵێ: سوورییەکان بیانووی سەیر و سەمەرە دێننەوە و گەرەنتییەکان ئازاد ناکەن. جیا لەوە بە هۆی ئەندامنەبوونی ئێران لە FTAF کێشە لە گواستنەوەی پارەدا دێتە پێش. گواستنەوەی کەلوپەل کێشەیەکی دیکەی ئێمەیە، باشترین رێگە بۆ ئەو کارە بەندەری لازیقەی سووریایە و ئەمەش پێویستی بە دانووستان و پشتیوانیی بەهێز هەیە، بەڵام بە داخەوە تا ئێستا هیچ هەنگاوێک لەوبارەوە نەندراوە.

ئیرەج رەهبەر رایگەیاندووە: لە راستیدا زەمینەسازی بۆ چالاکی و بوونی کۆمپانیا ئێرانییەکان لە سووریا نەکراوە، لەبەر بوونی ئەو بەربەستانەی باسم کرد، هیچ حەز و ئارەزوویەک بۆ چالاکیی کۆمپانیا ئێرانییەکان لە سووریا نییە، هیچ هەوڵێکیش بۆ دانووستانی جیدیی لە ئارادا نییە".

بەرپرسانی ئێرانی ماوەیەک قسەیان لەسەر دورستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لەلایەن کۆمپانیا ئێرانییەکانەوە لە سوویا دەکرد، بەڵام ئەو پرۆژانە تا ئێستا جێبەجێ نەکراون.

ئەوە لە کاتێکدایە کە پەیوەندی نێوان دیمەشق و تاران وەک خۆیان باسی لێدەکەن، "بەهێزە" و حکومەتی ئێران هەر لە سەرەتای تێکچوونی دۆخی ناوخۆیی سووریا لە ساڵی 2011 و هەڵگیرسانی شەڕ، پشتگیری تەواو لە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد دەکات. بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی دەنگوباسی سووریا (سانا) حکومەتی تاران ساڵانە 16 ملیار دۆلار بە حکومەتی بەشار ئەسەد دەدات. ئەو زانیارییانە لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشەوە پشڕاست کراوەتەوە.